سەردێر

ئێران چاوەڕێی هێرشی ئیسرائیلە

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی

 

ئەمڕۆ بڕیارە كۆشكی سپی بە خاوەنی نوێی بسپێردرێت، پێشبینیش دەكرێت بە ڕۆیشتنە ژوورەوەی خێزانی نوێی كۆشكی سپی چەكی سپی كە واژووی تڕەمپە بۆ ئیسرائیل چیتر هیچ گرنگییەكی نەبێت.
لای هیچ كەس شاراوە نییە ئیسرائیل و سعودییەكان ماوەیەكی زۆرە لە هەوڵی ئەوەدان كە بڕوا بۆ تڕەمپ دروست بكەن كە لە كۆتا كاری سەربازی خۆیدا، ئەمریكا لەگەڵ ئێران بجەنگێت، بەڵام تڕەمپ هەموو بەڵێنەكانی خۆی بۆ خولی دووهەمی سەرۆكایەتی هەڵگرتبوو ئەویش لەبەرئەوەی نەوەك لۆبیە ئیسرائیلییەكانی بۆ خولی دووهەمی سەرۆكایەتی جێیبهێڵن، یاخود سعودیە ئەو باجانەی ئەو دەیویست چیتر نەیداتە ئەمریكا.

نمایشە سەربازییەكانی ئێران بەردەوامن

پێشبینی ئەوەش نەدەكرا هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا گوێڕایەڵی كەسێك بن كە تەنها چەند كاتژمێرێكی ماوە لەسەر پۆستی سەرۆكایەتی، چونكە چیتر فەرماندەی هێزە سەربازییەكان نییە، ئەوەش كە دەوترا ئەمریكا هێرش دەكاتەسەر ئێران چیتر بڕیار و بیركردنەوەیەكی لاوازە، بەڵام مانۆڕە سەربازییەكانی ئێران و نمایشی چەكەكانیان ئەوە نیشان دەدات كە هێشتا مەترسییەكان بۆ سەر ئێران بەردەوامە.
بەشێك لەو باوەڕەدان كە ئەگەر ئیسرائیلیییەكان لە بڕیارەكانی تڕەمپ هیوابڕاو ببن، ئەوا لە كۆتاییدا ئەگەری هەیە خۆیان دەستبەكار ببن و ئەمریكاییەكان بخەنە نێو ئەو كارەی كە دەبوو پێشتر بیانكردایە.

ئیسرائیل چەند سیناریۆیەك بۆ لێدانی ئێران ئامادە دەكات

میدیاكانی ئیسرائیل ئاشكرایانكرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناتانیاهو داوای لە فەرماندە سەربازییەكان كردووە چەند پێشنیارێك بۆ لێدانی ئێران ئامادە بكەن و لە كۆتاییدا یەكێكیان هەڵدەبژێرێت.
هەوڵەكانی بۆ دەركردنی ئیسرائیل لە پێكهاتەی سەربازی ئەمریكا لە ئەوروپا و چوونە ناوەوەی ئیسرائیل بۆ نێو فەرماندەی ناوەندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەوانەیە لەو چوارچێوەیەدا خۆی ببینێتەوە، واتە دوای ئەم هەوڵە ئیسرائیل دەتوانێت سوود لە سەرجەم تواناكانی فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا وەربگرێت، واتە لە سەرجەم بابەتەكانی زانیاری و ئەمنی و هەموو جموجوڵێكی سەربازی، واتە بۆ لەمەودوا ئیسرائیل هاوكاری ئەو فەرماندەییە دەبێت و ئەو فەرماندەییەش ناچار دەبێت هاوكاری ئیسرائیل بكات.

بە زمانێكی سادەتر واتە، هێزە ئەمریكاییەكان كە لە وڵاتانی عەرەبی نیشتەجێن پابەند دەكرێن بەوەی هاوكاری ئیسرائیل بكەن بۆ هەر نیازێك كە هەیەتی، بۆ نمونە ئیسرائیلییەكان دەتوانن ئەو فڕۆكانەی ئەمریكا لە ناوچەكە بوونیان هەیە بەكاربهێنن.

ئیسرائیل ئاسمانی وڵاتانی عەرەبی بەكاردەهێنێت

ئیسرائیلییەكان بۆ ئەوەی هێرش بكەنەسەر بنكەكانی ئێران ناچارن لە خاڵە ئاسمانییەكانی توركیا یاخود عێراق یان هەر وڵاتێكی تری عەرەبی لە كەنداو سوود وەربگرن و هێرش بكەنەسەر ئێران.
كورترین و ئاسانترین ڕێگا بۆئەوەی سوود لەو خاڵە ئاسمانییانە وەربگرن، وڵاتانی عەرەبییە لە نزیك كەنداو، كە عەرەبەكان باش دەزانن لەو كاتانەدا زۆر بە خراپی ئێران ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هاوكات وڵاتانی عەرەبی ناوچەكەش ئەوەیان ڕاگەیاندووە لە ئەگەری بابەتێكی لەو شێوەیە سوود لە ووڵاتەكانیان وەرنەگیرێت و توركیاش پێش هەمووان ئەو داوای ڕەتكردووەتەوە، دەمێنێتەوە عێراق كە ئەمڕۆ وڵاتێكە بۆ ئەمریكاییەكان و هاوپەیمانەكانی كراوەیە و ڕووداوی كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس ئەوەی نیشاندا كە عێراقییەكان هیچ كۆنتڕۆڵێكیان بۆ ئاسمانی خۆیان بەدەستەوە نییە.
لەوانەیە ئیسرائیل بۆ هێرشەكانی سوود لە سوریا یان ئوردونیش وەربگرێت، دواتر عێراق هەڵبژێرێت، دەشگونجێت هاتوچۆی فڕۆكەكانی ئەمریكا بە ئاسمانی عێراق لەمكاتانەدا بێ مەرام نەبێت.
لەوانەیە ئەمریكاییەكان هەنگاوی هاتوچۆی فڕۆكەكانیان بۆ سەرقاڵكردنی ئێرانییەكان بێت و زەمینە بۆ هاتنەناوەوەی ئیسرائیلییەكان بۆ شەڕ خۆش بكەن.
بەم شێوەیە ئێرانییەكان چیتر ناتوانن نە هێرش بكەنەسەر هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە، نە دەشتوانن هێرش بكەنەسەر وڵاتانی عەرەبی، بەڵام خاڵی سەرەكی ئەوەیە كە ئایا هێرش بۆ ئێران سەركەوتوو دەبێت؟

ئێرانییەكان چەندین دیارییان بۆ ئەمریكا و ئیسرائیل هەڵگرتووە

گریمان ئەمریكا و ئیسرائیلییەكان لە ڕووی ئاسمانییەوە بەهێزتر بن و توانیان سەركەوتووبن، بەڵام هەمیشە ئێرانییەكان باس لەوە دەكەن كە لە گیرفانیاندا چەندین دیارییان بۆ ئەمریكا و ئیسرائیل هەڵگرتووە.

لەوانەیە فڕۆكەكانی ئیسرائیل بتوانن ئاسمانی عێراق ببەزێنن و سەركەوتوو بن، بەڵام تاكو ئێستا دیار نییە ئایا دەتوانن ئاسمانی ئێران ببەزێنن یاخود نا؟

ئەگەر ئاسمانی ئێرانی بەزاند بێ كێشە دەبن یان نا؟

هەموو ئەم بابەتە شیكارییە لەسەر ئەوە بنیاتنراوە كە ئیسرائیلییەكان دەتوانن لە سوریا هێرش بكەنەسەر بنكە و بارەگاكانی هاوپەیمانەكانی ئێران و هیچ كەسیش ناتوانێت پێشیان لێبگرێت.
لە سوریا بەهۆی بوونی ستراتیژیەتی جوگرافیا، ئیسرائیلییەكان دەتوانن فڕۆكەكانیان لە بەرزاییەكانی جۆلان یاخود لوبنان هێرشەكانیان ئەنجام بدەن و نەشچنە ئاسمانی سوریاوە، بەڵام بۆ ئێران، ناچارن چەند سەد مەترێك بچنە ئاسمانی ئێرانەوە تاكو بتوانن بنكەكانی ئێران لە وڵاتەكەی خۆی بۆردومان بكەن، ئەمەش هەلێك بۆ ئێران دەڕەخسێنێت كە بە مووشەكەكانیان ئەو فڕۆكانە بخەنە خوارەوە.

بۆچی ئێران وەڵامی ئیسرائیل ناداتەوە لە سوریا؟


دەبێت ئەوەش بوترێت، ئەگەر ئێران یان هاوپەیمانەكانی لە لوبنان وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل نەدەنەوە، نیشانەی بێتوانایی ئەوان نییە، بەڵكو بەهۆی ئەوەیە كە سەرەتا ئەوان لە سوریا میوانن، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل كاری خاوەن ماڵە كە لە ئاسمان و زەمینی خۆی بەرگری بكات یاخود داوا لە میوانەكانی بكات هاوكاری بكەن بۆ بابەتێكی لەو شێوەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئامانجی سەرەكی ئێران و هاوپەیمانەكانی لە سوریا ئەوەیە كە پارێزگاری لە دەوڵەتی یاسایی سوریا بكەن نەك ڕێگا بۆ دروستبوونی شەڕێك بكەن.

سەرچاوە: سپوتنیك