سەردێر

تڕەمپ دەسەڵاتی جێهێشت

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

سەرۆكی ئەمەریكا وتاری ماڵئاوایی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، ئەو هێرشەی كرایەسەر كاپیتۆڵ، دەستدرێژی سیاسی بوو.

دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە وتاری ماڵئاواییدا ڕایگەیاند، بە وورەیەكی بەرز و دڵخۆشی و متمانەیەكی بەهێزەوە كۆشكی سپی جێدەهێڵێت.
وتیشی”لە سایەی ئەو شەڕەی بۆ ئەمەریكا و گەلی ئەمەریكای كردووە، ئێستا ئەو وڵاتە پارێزراوە و سەربەرز و ئازادە”.

ئاشكراشیكرد، هەموو ئەمەریكییەكان ترسان بەهۆی ئەو دەستدرێژییەی كرایەسەر كاپیتۆڵەكەمان، توندوتیژی سیاسی هێرشكردنە بۆ سەر هەموو ئەو بەهایانەی ئەمەریكییەكان خۆشیان دەوێن و هیچ كات قبووڵكراو نییە، ئێستاش، لە هەموو كاتێك زیاتر دەبێت بەهاكانمان یەكبخەین و چارەنووسی هاوبەشمان دابڕێژینەوە.

لە وتاری ماڵئاوییدا تڕەمپ ڕاشیگەیاند، شەڕم بۆ ئێوە كرد، بۆ خێزانەكانتان جەنگام، بۆ وڵاتمان شەڕم كرد، پێش هەموو شتێك من شەڕم كرد بۆ ئەمەریكا و هەر شتێك كە لە بەرژەوەندی ئەمەریكادا بێت، ئێستا ئەمەریكا سەلامەت و سەربەرز و ئازادە، لە كاتێكدا خۆم ئامادە دەكەم بۆ رادەستكردنی دەسەڵات بە ئیدارەیەكی نوێ، دەمەوێت بزانن، ئەوەی جووڵانەوەیەی دەستمان پێكرد تازە سەرەتایەكە، هەرگیز دروست نەبووە، ئەو متمانەیەی كە دەبێت وڵاتێك خزمەتی هاووڵاتییانی بكات هەرگیز كەمنابێتەوە، بەڵكو ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت، بۆ ئەوەی هەمیشە گەلی ئەمەریكا لە دڵیاندا خۆشەویستییەكی قووڵ و دڵسۆزی بۆ نیشتمان هەڵبگرن.

لە كۆتایشدا وتی”بە خۆشی و گیانێكی گەشبینانە و بڕوایەكی بەرزەوە بۆ وڵات و نەوەكانمان، جێیدەهێڵم، سوپاستان دەكەم و ماڵئاوا، خودا بتان پارێزێت، خودا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بپارێزێت”.