سەردێر

هاوسەرۆكانی یەكێتی و كونسوڵی ئەمریكا كۆبوونەوە

تەئكیدیان لە جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیی كردەوە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنیان لەگەڵ پارتی

خەڵك-بەشی هەواڵ

هاوسەرۆكانی یەكێتی و كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

ئەمڕۆ سێ شەممە ١٩ـی١ـی٢٠٢١، هاوسەرۆكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازییان كرد لە ڕۆب واڵەر كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و لە دیدارێكدا بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە هەرێمی كوردستان و عێراق تاوتوێ كرا، لەبەر ڕۆشنایی پێشهات و ڕووداوەكانی ئێستا و پێویستی بەردەوامبوونی هەوڵەكانیش دووپات كرایەوە بە ئامانجی سازكردنی دیالۆگی جدی و لابردنی بەربەستەكان.

هاوسەرۆكانی یەكێتی ئاشكرایدەكەن، خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەپێناو دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاووڵاتیان و پاراستنی ئارامی ناوچەكە پێویستە.
تەئكیدیشیان لە جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیی كردەوە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداریكردنی لە حكومەت، هاوكات بە خاڵێكی گرنگیان لە قەڵەمدا بۆ بەهێزكردنی حكومەت و پاراستنی زیاتری قەوارەی هەرێمی كوردستان و زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر بەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێم، ئامادەیی یەكێتییشیان دووپات كردەوە بۆ كاری هاوبەش و پێكەوەیی و پاراستنی یەكڕیزیی لە نێوان هێز و لایەنەكان.
هاوكات هاوسەرۆكانی یەكێتی داوایان لە ئەمریكا كرد كە ڕۆڵی خۆی ببینێت لە لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونی لایەنەكان و یەكلاكردنەوەی كێشەكان لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و كۆتاییهێنان بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور بە جۆرێك كە مافەكانی هاووڵاتییانی تێدا پارێزراو بێت و چیتر ڕێگە نەدرێت قوت و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان تێكەڵ بە كێشە و ململانێی سیاسییەكان بكرێت و ژیان و گوزەرانی خەڵك پارێزراو بێت.

لای خۆشییەوە كونسوڵی گشتی ئەمریكا ئامادەیی وڵاتەكەی دووپات كردەوە بۆ بەردەوامی هەوڵەكان و یارمەتیدان و هاوكاریكردنی لایەنەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و ڕێككەوتنی كۆتایی لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، ڕاشیگەیاند، وڵاتەكەی لە ڕووی پێداویستی پزیشكی و كەرتی تایبەتەوە هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكەن.