سەردێر

هاوپەیمانی هیوا داوایەك ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم دەكات

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

هاوپەیمانی هیوا داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات نەوتی هەرێم ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات.

هاوپەیمانی هیوا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، داواكارین حكومەتی هەرێم خۆی لە لێدوان و ڕوونكردنەوەی نابەرپرسیارانە بەدوور بگرێ وەك دوا ڕوونكردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان.

دەقی ڕاگەیەندراوێك لە نوێنەرانی هاوپەیمانی هیوا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە:

وەك نوێنەرانی هاوپەیمانی هیوا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە سۆنگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی ئەركی نوینەرایەتی سەرشانمان بەرامبەر خەڵكی كوردستان و موچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەكانی تری شیوەی جوتیاران و پێشمەرگە و، لە سۆنگەی هەستكردن و ئاگاداربون لە هەستیاری گفتوگۆكانی ناو ناوەندی سیاسی عێراق بە گشتی و لیژنەی دارایی بە تایبەتی، بە پێویستی دەزانین دوبارە تەئكید لە پێشنیارێكی پێشومان بكەینەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بریتییە لە رادەستكردنیی نەوت بە سۆمۆ بە گوێرەی ئەو رێكەوتنەی كە حكومەتی هەرێم پێشتر رایگەیاند لەگەڵ حكومەتی عێراق كردویانە.

دوا بەدوای ئاشكرابوونی داتاكانی ناو راپۆرتیی (دیلۆیت) ئێستا لەهەموو كات زیاتر لای خەڵكی كوردستان ڕوون و ئاشكرایە كە نەوتی هەرێم هەرزانفرۆش دەكرێت و پڕە لە كێشەی بونیادی كە بونەتە گرفتی گەورە بۆ ئێستا و لە ئایندەشدا دەبێتە كێشەی گەورەتر و ئاڵۆسكاوتر بۆ هەرێم و خەڵكەكەی، بۆیە پێویستە بە خێرایی ئەو مەلەفە بە ریشەیی چارەسەر بكرێ و، حكومەتی هەرێم بەخیرایی لەگەڵ سۆمۆ بكەوێتە گفتوگۆ لە پێناو رادەستكردنی نەوت و نیشاندانی نیەتپاكیی سەرەتایی بۆ پابەندبون.

ئێمە وەك نوێنەرانیی هاوپەیمانی هیوا رایدەگەیەنین، كە ئەگەر حكومەتی هەرێم هەنگاوێكی لەو شیوەیە بنێت، ئەوا پشتیوانیەكی گەورە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوپرۆسەی سیاسیی عێراق و گفتوگۆكانی ناو پەرلەمانیش بۆ تێپەراندنی موازەنەی ۲٠۲۱ بەدەست دەهێنێت، جیا لەوەی رێدەگرێ لە بەرزبونەوەی ئەو گوتارە شەعبەویەی كە بە هۆی رێكنەكەوتنی نێوان هەردو حكومەت لە بەغدا و هەولێر كەسانێك هانی گوتاری ڕق و ناكۆكی دەدەن.

ئێمە داواكارین حكومەتی هەرێم خۆی لە لێدوان و رونكردنەوەی نابەرپرسیارانە بەدور بگرێ وەك دوا رونكردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، كە كۆمەك بە گفتوگۆكانی ناو لیژنەی دارایی و كۆی گفتوگۆكانی رێكەوتنی نێوان هەردو حكومەت ناكا و پێویستە كابینەی نۆ چیتر لەسەر سیاسەتی هەڵە و كوشندەی نەوت وەك رابردوو بەردەوام نەبێت و بە خێرایی پێداچونەوە بكات بە مەلەفیی نەوتدا بە شێوەیەك نەوت و داهاتەكەی نەبێتە هۆكاری بێموچەیی خەڵك بەڵكو ببێتە سەرچاوەی موچە و ژیان و بژێوی و خۆشگوزەرانیی بۆ هاونیشتیمانیانمان.

ئەحمەد حاجی رەشید
جەمال كۆچەر
هۆشیار عەبدوڵا

بەغدا
۱۹ی جانیوەری ۲٠۲۱