سەردێر

ئامارێكی نوێی دانیشتوانی هەرێم ئاشكرا كرا

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە گەیشتوەتە 6.171.083 (شەش ملیۆن و سەد و حەفتا و یەك هەزار و هەشتا و سێ) كەس.

دەستەی ئاماری هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە ساڵی 2020دا ژمارەی ڕەگەزی نێر لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 3.098.801 (سێ ملیۆن و نەوەد و هەشت هەزار و هەشتسەد و یەك) كەس، ڕەگەزی مێ 3.072.282 (سێ ملیۆن و حەفتا و دوو هەزار و دووسەد و هەشتا و دوو) كەس.

ئاشكراشكرد، 5.022.282 (پێنج ملیۆن و بیست و دوو هەزار و دووسەد و هەشتا و دوو) كەس لە شارەكان نیشتەجێن، 1.148.480 (ملیۆنێك و سەد و چل و هەشت هەزار و چوارسەد و هەشتا) كەسیشیان لە گوندەكان نیشتەجێن، ڕێژەی گەشەی دانیشتوانیش لە ساڵی 2020دا 2.2% بووە.

ڕوونیشیكردوەتەوە، لە ساڵی 2020دا لە هەرێمی كوردستان 148.169 (سەد و چل و هەشت هەزار و سەد و شەست و نۆ) كەس لەدایكبوون، لەبەرامبەریشدا 23.921 (بیست و سێ هەزار و نۆسەد و بیست و یەك كەس) گیانیان لەدەستداوە.