سەردێر

“توركمانەكان لیستی هاوبەش پێکدەهێنن”

خەڵك-ئارام سەردار

 

دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی شاندی پارتی و بەشێك لەپارتە توركمانیەكان لەبارەی ڕەوشی ناوخۆی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمانی عێراق، جێگری سكرتێری پارتی چاكسازی توركمان ڕایگەیاند، داوا دەكەین ئەنجوومەنێكی كوردستانی لە هەرێم دروست بكرێت كە نوێنەرایەتی سەرجەم لایەن و پێكهاتە و ئاینە جیاوازەكان بكات و پشتیوانی لەهەوڵەكانی سێ سەرۆكایەتیەكە بكات بۆ دەستەبەركردنی مافەكان لەچوارچێوەی دەستووری عیراق.

مونا قاوەچی جێگری سكرتێری پارتی چاكسازی توركمان لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، توركمانەكان وەك لیستێكی هاوبەشی توركمانی بەشداری لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن، ئەگەر هەرێمی كوردستانیش بڕیاریدا بەیەك لیست بەشداری بكرێت لەهەڵبژاردن كە نوێنەرایەتی هەمووان بكات بەشدار دەبین، بۆیە جارێ چاوەڕوانین بزانین چ بڕیارێك دەدرێت، بەڵام وەك توركمان بەشداری لەهەڵبژاردن دەكەین.

دەشڵێت، وەكو توركمانەكانیش دەتوانین بەرژەوەندی تاكلایەنە لابەرین لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، داواش دەكەین ئەنجوومەنێكی كوردستانی لەهەرێم دروست بكرێت كە نوێنەرایەتی سەرجەم لایەن و پێكهاتە و ئاینە جیاوازەكان بكات و پشتیوانی لەهەوڵەكانی سێ سەرۆكایەتیەكە بكات بۆ دەستەبەركردنی مافەكان لەچوارچێوەی دەستووری عیراق، چونكە ناكرێت عیراق بەمیزاج بڕیار لەسەر قوتی خەڵك بدات.