سەردێر

” پارتی نیازی نییە نەوت و داهاتەكەی ڕەوانەی بەغدا بكات”

 

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەندامێكی پەڕلەمانی عێراق دەڵێت، تائێستا پارتی ڕازی نییە نەوتی هەرێم و داهاتەكەی ڕەوانەی حكومەتی عێراق بكرێت، تاكو عێراقیش لەبەرامبەردا شایستە داراییەكانی هەرێم بدات.

ڕێزان شێخ دلێر لەچاوپێكەوتنێك لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا دەڵێت”بەداخەوە كە ئەمە دەڵێم پارتی دیموكراتی كوردستان هەتا ئێستا ڕەزامەندنەبن لەوەی كە نەوتی هەرێم و داهاتی ئەم نەوتە بنێرن بۆ حكومەتی فیدڕاڵ یاخود ڕەنگە لەگەڵ ئەوەشدا نەبن كە لەڕێگەی سۆمۆوە ئەو نەوتە بڕوات”.

ڕێزان شێخ دلێر دەربارەی هۆكاری واژۆنەكردنی ڕێككەوتننامەی هەرێم و بەغداد دەڵێت، پێویستی دەكرد حكومەتی هەرێم هەر لەسەرەتای مانگی یەكەوە ئەو بڕە نەوتەی كە دیاریكراوە ڕۆژانە لەڕێگەی سۆمۆ-وە هەرچەند هەفتەیەكیش بیانناردایە بۆئەوەی لایەنی بەرامبەر هەست بكات كە بەجددی ئەم حكومەتە دەیەوێت ڕێكەوتن بكات بۆئەوەی ئەو بڕەی كەدیاری دەكرێت بدرێتە هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، خەڵكی هەرێمی كوردستان بێ مووچەیە، داهاتی هەرێمیش بەشی مووچەی مووچەخۆران و وەبەرهێنان و هەموو ئەو بەشانەی تر ناكات لەبەرئەوە پێویست دەكات ئەو بودجەیە بێتە ئێرە هەتاوەكو بتوانرێت هەرێمی كوردستان لەم نەهامەتیە ئابورییە ڕزگاری ببێت.