سەردێر

وەزارەتی كارەبا، سێ پڕۆژەی لە هەولێر كردەوە

خەڵك-ئارام سەردار

 

وەزارەتی كارەبا سێ پڕۆژەی گرنگی كارەبای لەهەولێر و بەتێچووی زیاتر لە ٧ ملیۆن دۆلار كردەوە كە بریتین لە (بونیاتنانی وێستگەی كارەبای ئیسكانی نوێ، گرێدانی وێستگەی ئازادی نوێ بە وێستگەی ئیسكانی نوێ، دەرهێنانی 5 فیدەری 11 كەی ڤی).

كەمال محەمەد وەزیری كارەبا لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەكێك پڕۆژەكان توانای دابینكردنی ٦٣ مێگاوات كارەبای بۆ ئەو ناوچەیە هەیە بەگوژمەی زیاتر لە ٤ ملیۆن دۆلار، هەروەها وێستگەی ئازادیش بەگوژمەی ٣ ملیار دینار، هەروها دەرهێنانی 5 فیدەری 11 كەی ڤی بەگوژمەی ٣٦٧ ملیۆن دینار ئەنجامدراون.

دەشڵێت”ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە كێشەی بارزۆری سەر فیدەر و تۆڕەكانی كارەبا كەم دەكاتەوە و ڕەوشی كارەبا چارەسەر دەكات”.

وتیشی”ئێستا لەنێوان ١٢ بۆ١٤ كاتژمێر كارەبا دەدرێت بەنزیكەیی ڕۆژانە زیاتر لە١٣ كاتژمێر بەردەوام دراوە بە هاوڵاتیان، هەروەها بەهۆی گرێبەست كراوە بۆ كڕینی ١٥٠ مێگاوات كارەبا لەتوركیا بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی بۆ وێستگەیەی دهۆك، گاز ڕەوانە دەكرێت ئەمەش ئەركی تێچووی زۆر زیاتر دەبێت، بەنموونە بۆ بەدەستهێنانی ١٥٠ مێگاوات كارەبا بە گاز مانگانە خەرجیەكەی ١٦ ملیون دۆلارە واتە دووهێندەی گرێبەستەكەی ئێمە كردومانە خەرجی زیاترە”.

باسی لەوەشكرد، زیاتر لە ملیۆنێك و ٦٠٠ هەزار هاوبەشی كارەبامان هەیە ٤٤٢ هەزار پێوەری زیرەك بەستراون، بەردەوامیشین.