سەردێر

وەزارەتی دارایی خەرجی و بودجەی وەزارەتەكان دیاری دەكات

 

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چۆنیەتیی خەرجییەكانی وەزارەت و دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیاری دەكات.

بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی كە لە 17/1/2021 دەرچووە ئاماژە بەوە كراوە، تاوەكوو بودجەی ساڵی 2021 پەسند دەكرێت، پێشینەی بەردەوامی مانگانە بۆ دامودەزگاكان خەرج دەكرێت و بەپێی بودجەی مانگانەیان، ڕێگە بە فەرمانگەكان دەدرێت، هەندێك پێویستیی گرنگ و ئامێر و كەلوپەل بكڕن.

بەپێی بڕیارەكان پارەی مانگانەی پاككردنەوە و خواردنی نەخۆشخانە و خواردنی بەندییەكان و خاوێنكردنەوەی شار و شارۆچكەكان و فرۆكەخانەكان و كرێی ئۆتۆمبێل و خانوو باڵەخانەكان بە جیا لە پێشینەی مانگانە خەرج دەكرێت، ئەویش بەو مەرجەی وەزارەتی دارایی لێی ئاگادار بێت.

وەزارەتی دارایی ڕوونیشی كردووەتەوە سەرجەم پاداشت و هاوكارییەكان ڕادەگیرێن، جگە لە بەخشینی بەردەستی وەزیرەكان نەبێت.

وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارانەی دیاری كردووە كە لێژنەی كڕین لە فەرمانگەكان بۆیان هەیە خەرجی بكەنـ تاوەكوو 250 هەزار دینار دەتواندرێت بێ لێژنەی كڕین خەرج بكرێت، زیاتر لە 250 هەزار بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار، دەبێت لە ڕێگەی لێژنەی كڕین بێت، لە دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار بۆ 100 ملیۆن دینار، دەبێت هەبوونی سێ دەرخستە و لێژنەی كڕین بێت، لە 100 ملیۆن دینار زیاتر بێت، دەبێت لە ڕێگەی كەمگەری (موناقەسە) بێت”.

دووپاتیش كراوەتەوە ئەگەر لە دەرەوەی بڕیاری وەزارەتی دارایی و پێشینەی مانگانە هەندێك گرێبەست بو كڕینی كاڵا و كەلوپەل بكرێ، ئەوە وەزارەتی دارایی بەرپرس نابێت لەو بابەتە.