سەردێر

ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە كۆنفرانسێكی هاوبەش سازدەكەن

ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە كۆنفرانسێكی هاوبەش سازدەكەن

خەڵك- بەشی هەواڵ
كۆبونەوەی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم بەڕێوەچوو، بڕیاردرا لە مانگی شوباتی ئەمساڵ كۆنفرانسێكی زانستی هاوبەش لەنێوان هەردوو وەزارەت ئەنجام بدرێت .

بەسەرپەرشتی د. ئارام محەمەد قادر ، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئالان حەمە سەعید،وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١٨/١/٢٠٢١ كۆبونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەت بە بەشداری بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی هەردوولا بەڕێوەچوو، كە بۆ گفتوگۆكردن بوو لەبارەی پرسە هاوبەشەكانی نێوانیان .
لە كۆبونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاندووە، تێگەیشتنی تەواومان بۆ گرفتەكانی هەردوو كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە كوردستان هەیە، بۆیە هەردوو وەزارەت بەیەكەوە دەتوانن باشتر لە بارودۆخە تێبگەن و بۆ ئەوەی بە دیدو ڤیژنی هاوچەرخ بتوانین بەسەر كێشەكان زاڵ بین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە.
دوپاتیشیكردەوە، بوونی هەماهەنگی و هاوكاری بەردەوام و ئاڵوگۆڕی بیروڕاكان هاوكارمان دەبێت بۆ پێشخستنی زیاتری كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا.

هاوكات ئالان حەمە سەعید ، وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، هەردوو وەزارەت كاری زۆرمان بەیەكەوە هەیە، بۆیە دیداری هاوبەشی هەردولا بە بەردەوامی گرنگە، لە چوارچێوەی كارە هاوبەشەكانیشدا پێویستمان بەڕەخساندنی ژینگەیەكی گونجاوی زانستی هەیە بۆ فێرخوازان بۆ ئەوەی بتوانن لە كەشێكی ئارام و پرۆسەی خوێندن تەواو بكەن.

لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا كۆنفرانسێكی زانستی هاوبەش لە نێوان هەردو وەزارەت لە مانگی شوباتی داهاتوو لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت، ئامانج لە ئەنجامدانی كۆنفرانسەكە تاوتوێكردن و بڕیاردرانە لەبارەی بابەتە پەیوەندیدارەكانی هەردو وەزارەت، بەتایبەت پرسی وەرگرتنی دەرچوان و بابەتە پیشەییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و ئەكادیمی ناوەندەكانی خوێندن لە هەرێمی كوردستان لە هەردو سێكتەری خوێندنی باڵا و پەروەردە.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان