سەردێر

بەرهەم ساڵح لەگەڵ مستەفا كازمی ڕێككەوتن

بەرهەم ساڵح لە گەڵ مستەفا كازمی لەسەر مووچەی هەرێم ڕێككەوتن

خەڵك- بەشی هەواڵ

سەرۆك كۆمار پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كرد و هەردوو لا رێككەوتن لەسەر گرنگی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی و پاراستنی مافی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی كوردستان دوور لە ململانێ سیاسییەكان.

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١/١٨ لە كۆشكی بەغداد پێشوازی كرد لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و گفتوگۆكرا سەبارەت بە پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەكانی وڵات.

لەمیانی كۆبوونەوەكەدا بەگرنگییەوە باس لە پێویستی چەسپاندنی ئارامی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان و بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەزگا ئەمنییەكان و جێبەجێكردنی یاسا كرا، لە پێناو زامنكردنی ئاشتی و ئاسایشی گشتی و رێگریكردن لەو كارانەی لە دەرەوەی یاسان و رێكخستنەوەی چەك.

ھەر لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا تاوتوێی هەڵبژاردنەكانی داهاتوویانكرد و پێداگری كرا لەگرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان و پشتیوانی تەواوی خۆشیان دووپاتكردەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و رێگریكردن لە ساختەكاری و فرتوفێڵ، هەروەها گرنگی چاودێریكردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان لەلایەن چاودێرە نێودەوڵەتییەكان بە شێوەیەكی جددی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و زامنكردنی دەرفەتی بەشداری فراوان بۆ گشت هاووڵاتیان.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە دۆخی ئابووری وڵات و بودجەی گشتی كرا، بۆ ئەو مەبەستە ھەردوو سەرۆك رێككەوتن لەسەر گرنگی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی و پاراستنی مافی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی كوردستان دوور لە ململانێ سیاسییەكان و گەیشتن بە چارەسەرێكی بنەڕەتی لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دۆسییە داراییە هەڵپەسێردراوەكان، بەجۆرێك زامنی مافی مووچەخۆران و هاووڵاتیان و چین و توێژە كەمدەرامەتەكان بكات بەبێ جیاوازی.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان