سەردێر

شاری واشنتن و بارەگای كۆنگرێس داخران

خەڵك- بەشی هەواڵ
میدیاكانی ئەمریكا ئاماژە بە دەرچوونی دوو بڕیار دەكەن بۆ داخستنی واشنتنی پایتەخت و بارەگای كۆنگرێس، هۆكاریی ئەمەش بۆ هەڕەشەی ئەمنی دەگێڕنەوە.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی (رۆیتەزر)، دەسەڵاتدانی ئەمریكا بڕیاریاندا واشنتنی پایتەخت دابخەن و ڕێگە لە هاتنەناوەوە و چوونەدەرەوەی بگرن، هۆكاریی ئەمەش بۆ بوونی هەڕەشەیەكی دەرەكی دەگێڕنەوە، وێڕای داخستنی بارەگای كۆنگرێس، پۆلیسیش هۆشداریی داوەتە كارمەندانی تا بەئاگابن، لەگەڵ ئەمەشدا پۆلیس بەری خۆرئاوای بارەگای كۆنگرێسى داخستووە بەهۆی بوونی هەڕەشەیەكی ئەمنی دەرەكی”.

لای خۆیەوە، ئاژانسی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریكایی بڵاویكردەوە”پۆلیس زەنگی ئاگاداركردنەوەی لێدا لە بارەگای كاپیتۆڵ، تا بەهۆی بوونی هەڕەشەیەكی ئەمنی دەرەكی، ئەوانەی لەنێو بارەگاكەدان نەیەنە دەرەوە”.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، تیمەكانی ئاگركوژێنەوە لە واشنتن ئاماژەیان بە كۆنترۆڵكردنی ئاگرێك كرد كە لەنزیك كاپیتۆڵ كەوتبۆوە و هیچ قوربانییەكی بەدواوە نەبوو.

ماوەی چەند ڕۆژێكە باری نائاسایی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریكا سەپێنراوە، وەك ئامادەكارییەك بۆ دەستنیشانكردنی جۆ بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراو، هەڵكوتانە سەر بارەگای كۆنگرێسیش لەم ماوەیەی دواییدا لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، مەترسی ڕوودانی كاریی توندوتیژی لەكاتی پرۆسەی دەستنیشاكردنی بایدن لە پۆستەكەیدا، هێنایەئارا.