سەردێر

پلەی گەرما دەگاتە ژێر سفری سەدی

خەڵك- بەشی هەواڵ

دەزگای گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق، ڕاپۆرتی تایبەت بە بارانبارین و نزمبوونەوەی پلەی گەرما بۆچوار شەممە و پێنج شەممەی داهاتوو بڵاودەكاتەوە و دەڵێت، تەوژمێكی سەرماوسۆڵە ڕوو لە وڵات دەكات و پلەكانی گەرماش لە هەندێك ناوچەدا بۆ ژێر سفی سەدی دادەبەزێنێت.

ئەمڕۆ دوو شەممە، حەیدەر حەبیب، بەڕێوەبەری بەشی پێشبینی كەشوهەوا لە دەزگای دەزگای گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق ڕایگەیاند”لە چوار شەممە و پێنج شەممەی داهاتوو، ناوچەكانی باكوور دەكەونە ژێر گاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەكی هەوا كە لە توركیاوە ڕوو لە وڵات دەكات و دەبێتە مایەی بارانبارین و لە هەندێك ناوچەشدا بارانی بەلێزمە دەبارێت و هاوشان دەبێت لەگەڵ هەورە بروسكە، لە ناوچە شاخاوییەكانی وەك دهۆك و هەولێر و سلێمانی و نەینەواش، پێشبینی بارینی بەفر دەكرێت“.

ئەو بەرپرسەی كەشناسی عیراق، پێشبینی دەكات لە پێنج شەممەوە وڵات بكەوێتە ژێر بەرزە پاڵەپەستۆیەكی هەواوە كە لە سیبریاوە ڕوو لە وڵات دەكات و تەوژمێكی هەوای سارد و وشك لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و كەشێكی سەرماوسۆڵە دێنێتە ئارا، بەجۆرێك لە هەندێك ناوچەدا پلەكانی گەرما بۆ ژێر پلەی سەدی دادەبەزن“.

حەیدەر حەبیب پێیوایە”تەوژمەكە تا ڕۆژی هەینی بەردەوام بێت و دواتر پلەی گەرما بەشێوەیەكی پلەبەندی ڕوو لە بەرزبوونەوە بكات“.