سەردێر

بەغدا، ئەوانەی دزییە گەورەكەیان كردبوو دەستگیركران

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەوانەی دزییە گەورەكەیان كردبوو لە بەغدای پایتەخت دەستگیركران، دەزگای بنبڕكردنی تاوانیش دەڵێت، ئەو پارەیەی لەلایەن باندەكەوە لە بانكێك دزرابوو بڕەكەی 1.350 ملیار دینارە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ دوو شەممە لەلایەن دەزگای بنبڕكردنی تاوان لە ئاژانسی كاروباری پۆلیس لە بەغدا بڵاوكرایەوە”لەسەر فەرمانی عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆ و بە سەرپەرشتی فەریق عیماد محەمەد مەحمود، دەزگای بنبڕكردنی تاوان لە بەغدا توانی باندێك دەستگیربكات كە لە ژمارەك پیاو و ژن پێكهاتبوون و بڕی ملیارێك و سێ‌ سەد و پەنجام ملیۆن دیناريان لە بانكێكی وەبەرهێنان لە یەكێك لە كۆلێژە ئەهلییەكان دزیبوو”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”تیمێكی كار لەڕێی كۆكردنەوەی زانیاریی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی، لە شوێنی ڕووداوی دزیكردنەكە دەستی بەكاركردن كرد و توانی تۆمەتبار (م.ز. أ) بدۆزرێتەوە و لەڕێی ئەویشەوە پاشماوەی ئەندامانی باندەكە دەستگیربكرێن”.

دەزگای بنبڕكردنی تاوان لە بەغدا دەڵێت”پارە دزراوەكە بە تەواوەتی دۆزرایەوە و پەڕاوی تۆمەتبارەكانیش بۆ مەبەستی لێكۆڵینەوەی زیاتر و بە سزاگەیاندنیان، ڕەوانەی دادوەریی كرا”.