خەڵك-بەشی هەواڵ
لەدوو چالاكیدا مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی پێنج تۆمەتباریان دەستگیركرد كە لەشاخی ئەزمەڕو گۆیژە ڕێگرییان لەچەند كەسێك كردبوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، پاش سكاڵای هاوڵاتییەك كە لەشاخی ئەزمەڕ لەلایەن سێ تۆمەتبارەوە ڕێگریی لێكراوەو ساڵانەی ئۆتۆمبێلو مۆڵەتی شۆفێری و بڕێك پارەی لێسەندراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان دەستپێكردو پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنەوە توانرا دەستگیر بكرێن.
ئاماژە بەوەشكراوە، لەكاتی دەستگیركردنیاندا دەستیشگیرا بەسەر چەكێكدا لەجۆری كڵاشینكۆفو ئۆتۆمبێلێك لەجۆری (تویتا- ئەڤەلۆن) كە بەتۆمەتبارەكان بووە.
لەئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران (ك، ك، أ) و (ك، س، م) و (م، ی، م) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 452 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراونو لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
لەلایەكی دیكەوەو لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەكو پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، دوو تۆمەتباری دیكە لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دەستگیركران كە لەشاخی گۆیژە ڕێگرییان لەهاوڵاتییەك كردبوو و بڕێك پارەیان لێسەندبوو. لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكاندا دەستیشگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلێكدا لەجۆری (نیسان- سەنی).
لەئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران (ژ، ف، ع) و (ف، ج، أ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 452 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراونو لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.