خەڵك-بەشی هەواڵ
فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، داوا لەحكومەتی هەرێم دەكەن دەستبكات بە بەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی و ئەو بڕە نەوتەی لەپڕۆژەیاسای بودجەدا لەسەر هەرێم پابەندكراوە رادەستی بكات، لەبەرامبەریشدا داوا لە بەغدا دەكەن موچە و شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستان رەوانەبكات.
ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەكی خوێندەوە و رایگەیاند، داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك دەستپێشخەرییەك بۆ بونیاتنانی متمانە وەك دەرئەنجامی گفتوگۆی شاندی هەرێم لەبەغدا، دەست بەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی بكات و ئەو بڕە نەوتەی لەپڕۆژەیاسای بودجەدا لەسەر هەرێم پابەندكراوە رادەستی بكات، ئەوەش لەپێناوی دەستەبەركردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی كوردستان.
هاوكات، داواشیكرد، حكومەتی فیدڕاڵی عێراق پابەندبوونی خۆی بە خەرجكردنی موچە و شایستە داراییەكانی جوتیاران رابگەیەنێت و ئەو هەنگاوەش هاوكاردەبێت لەچارەسەركردنی زۆرینەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی دیكەی نێوان هەرێم و حكومەتی عێڕاق.
هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق رێككەوتوون لەسەر پرۆژە بودجەی ئەمساڵ، بەڵام ئەندامانی شیعەی پەرلەمانی عێراق هەڕەشەی رێگری لە تێپەڕبوونی پرۆژەكە دەكەن لە نێو پەرلەماندا.