خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزیری بەرگری توركیا بەسەردانێك گەیشتە بەغدا.
وەزیری بەرگری توركیا خولوسی ئاكار نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.
بڕیارە وەزیری بەرگری توركیا لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی و بەرپرسانی دیكەی بەغدادا كۆبوونەوە و گفتووگۆ لەسەر چەند پرسێك بكەن.
سەردانەكەی خولوسی ئاكار لە دوای سەردانەكەی كۆتایی ساڵی رابردووی مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی عێراقە بۆ ئەنقەرە و چەند رێككەوتنێك لەنێوان هەردوولایەندا.
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان كە لە كاتی سەردانەكەدا بڵاوكراونەتەوە، هەردوو حكومەتی عێراق و توركیا لەسەر دروستكردنی فشاری زیاتر لەسەر پەكەكە رێككەوتوون لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە ناوچەی شنگال.
یەكێكی دیكە لە رێككەوتنەكانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە هەڵگرتنی ڤیزایە بۆ هاووڵاتیانی هەردوو وڵات لەكاتی سەردانكردندا بە زیندووكردنەوەی رێككەوتنێكی ساڵی 2009 كە بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە راگیرابوو.