سەردێر

ناڕەزایی لەنێو گۆڕان پەرەدەستێنێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

تا دێت كێشە نێوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان قوڵتر دەبنەوە و وازهێنانی سەركردەكانی بەردەوامە، ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقیش لە فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژە بەوە دەكات ساڵ و نیوێك دەبێت هیچ ئیلتزامێكیان بەخانەی راپەڕاندن و جڤاتی گشتییەوە نەماوە.

دوێنێ عەدنان عوسمان یەكێك لە بەرپرسە باڵاكانی گۆڕان وازهێنانی خۆی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند و دەنگۆی وازهێنانی چەند سەركردەیەكی دیكەش لە ئارادا هەیە.

هاوكات بەپێی هەندێك زانیاری نافەڕمی ئەگەری هەیە ژمارەیەك لە هەڵسوڕاو و كادری ناڕازی گۆڕان لەپێش گردی زەرگەتە بارەگای سەرەكی گۆڕان لە سلێمانی، خۆپیشاندان و جوڵانەوەی ناڕەزایەتی ساز بكەن.

غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان دەربارەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت: ئێمە ساڵ و نیوێك دەبێت هیچ ئیلتزامێكمان بە خانەی ڕاپەڕاندن و بەجڤاتی گشتی و نیشتیمانییەوە نەماوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئێمە بەنوسراوی ڕەسمی داوامان لەبزوتنەوەی گۆڕان كرد بكشێتەوە لەحكومەت ئەگەرنا هەموو پەیوەندییەكانی خۆمان هەڵدەپەسێرین لەگەڵ شوێنە فەرمییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كەجڤات و خانەی ڕاپەراندن و ئەوانەیە.

دەشڵێت: ئێمە وەك پێنج پەرلەمانتاری ئەو بزوتنەوەیە بەشداری هاوپەیمانی هیوامان كردووەو لەوكاتەوە ئێمە هیچ ئیلتزامێكمان نەكردووە بەئەوانەوە ئەوەی هەبووە بۆچوونی خۆمان هەبووە ئێمە ناوی فراكسیۆنەكەمان هەڵگرتووە هەر پێنجمان لەوێین.

ئەمە لە حاڵێكدایە كە نیوەی ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە دوازدە ئەندامن، پابەندی بڕیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان نابن، بەتایبەت دوای دروستبوونی ناكۆكی لەسەر سەرۆكی فڕاكسیۆن.

پایزی ساڵی رابردوو فراكسیۆنی گۆڕان لە كۆبوونەوەی نێو خۆیاندا دابان محەمەدیان وەك سەرۆكی فڕاكسیۆن دەستنیشان كرد، بەڵام دواتر بەهۆی رازینەبوونی سەركردایەتی بزوتنەوەكە، گوڵستان سەعید كرایە سەرۆكی فڕاكسیۆن.

بزوتنەوەی گۆڕان بە رێبەرایەتی نەوشیروان مستەفا لە 25ی تەمووزی 2009 خۆی وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن راگەیاند و توانی لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستاندا 25 كورسی بەدەست بهێنێت.

بزوتنەوەی گۆڕان لە ماوەی چوار ساڵدا لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی بووە ئۆپۆزسیۆنێكی كاریگەر لە هەرێمی كوردستان و كاریگەریان لە سەر دەسەڵات هەبوو.

لە هەڵبژاردنەكانی 2013ی هەرێمی كوردستاندا توانی 24 كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت و بەشداری كابینەی حكومەتی هەرێمیان كرد لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەهۆی دروستبوونی ناكۆكی لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت لەلایەن پارتیەوە دوورخرایەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكانی 2018 دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا توانی تەنها 12 كورسی پەرلەمان بهێنێت و دووبارە بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو.

بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی رێككەوتنە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ ئیدارەدانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە.

هاوكات لە 2016 رێككەوتنی سیاسی یەكێتی و گۆڕان بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی و نەوشیروان مستەفا رێبەری كۆچكردووی گۆڕان واژۆكرا، بەڵام رێككەوتنە جێبەجێنەكرا، گۆڕان، یەكێتی بەهۆكاری شكستی رێككەوتنەكە تۆمەتبار كرد.