سەردێر

پەنابەرانی رۆژهەڵات گردبوونەوە

خەڵك-ئارام سەردار

ژمارەیەكی بەرچاو لە ژن و منداڵە پەنابەرەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆیە، لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر گردبوونەوە، داوای مافی ناسنامەو خوێندن و ژیاندنیان دەكەن لە نەتەوە یەكگرتووەكان.

ڕەسوڵ رەحیمی، یەكێك لەپەنابەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، خۆی زیاتر لە سێ ساڵە لێرە دەژیت، بەڵام هیچ ماف و هاوكارییەكی پێ نەدراوە و تەنها یەك بەڵگەی بوونی پەنابەری هەیە و هیچی تری نییە، هەیە ٤٠ ساڵە لێرە دەژیت، بەڵام دەیان كێشەی ئیداری و یاسایی و ژیان ڕووبەڕوومان دەبێتەوە و تەنگی پێ هەڵچنیوین.

دەشڵێت، داوا دەكەین پەناخوازانی سیاسی دەبێ لەماوەی سێ ساڵ چارەنوسیان یەكلابكرێتەوە و تێكەڵی پەناخوازانی دیكە نەكرێن، هاوكارییە مرۆییەكانیش بەدادپەروەرانە دابەشبكرێن، لەگەڵ چارەسەكردنی كێشەی فۆڕمی خۆراك بۆ ئەوانەی ئیقامەیان هەیە.

ئەوەش دەخاتەڕوو، داوای چارەسەركردنی كێشەی پەنابەرانی نەخۆش و كەمئەندام دەكەین، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و توانای ماددیان نییە لەگەڵ دابینكردنی پێداویستییە پزیشكییەكان و دەرمان بۆ بنكەكانی ناو كەمپەكان، جگە لەمانەش داوای ڕەخساندنی هەلی كار و كێشەی خوێندن بۆ خوێندكاران و ئەوانەشی بەپاسەپۆرت هاتوون ‌و توانای ڕسووماتی نشینگەیان نییە، دەكەین.