سەردێر

بۆ لامەركەزی، چاوەڕێی حكومەتین

خەڵك- بەشی هەواڵ

هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوانمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان چاوەڕوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانین بۆ جێبەجێكردنی لامەركەزیی دارایی و كارگێڕی لە هەموو پارێزگاكانی هەرێم.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە راگەیەنراوێكدا لە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرایەتییەكانی حزبەكەی لە دەرەوە، رایگەیاند، باسمان لە هەوڵەكانی یەكێتیی كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە سەر ئاستی هەرێم و عێراق، پێداگریی یەكێتییمان دووپاتكردەوە لەسەر گرنگی جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیی بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بە هاووڵاتییان.

راشیگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوانمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان چاوەڕوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانین بۆ جێبەجێكردنی لامەركەزیی دارایی و كارگێڕی لە هەموو پارێزگاكانی هەرێم.

رونیشیكردەوە، ئاماژەمان بە سەردانەكانمان كرد بۆ بەغدا و دیدار و كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی لایەنەكان و حكومەتی فیدراڵی بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و تێپەڕاندنی پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١.