سەردێر

هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمان دوادەكەوێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
پەڕلەمانتارێكی عیراق لە پشكی پارێزگای نەینەوا ئاشكرای دەكات، كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمان بۆ سێ‌ مانگ دوادەكەوێت و حزبە سیاسییەكانیش ڕێككەوتوون بەڵام ناوێرن ئاشكرای بكەن.

بەپێی هەواڵی میدیا عیراقییەكان، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق پێشنیاری بۆ پەڕلەمان كردووە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ڕۆژی 16-10-2021 دوابخرێت ئەمەش بەمەبەستی ئامادەكاری زیاتر بۆ ئەو پڕۆسەیە.

لای خۆشیەوە، قوسەی شەبەكی، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق بە كەناڵی (دیجلە)ی ڕاگەیاندووە، سەرجەم هێزە سیاسییەكان نیمچە ڕێككەوتنی كۆتاییان كردووە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمان، بەلام ناوێرن ئاشكرای بكەن.

ڕاشیگەیاندووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە هەموو كۆبوونەوەكاندا جەختی لە قورسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا كردۆتەوە، كە 6ی حوزەیرانە، ئەوەش بەهۆی تەواو نەبوونی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و تۆمارنەكردنی ناوی كاندیدی حزبەكان و هەروەها لەڕووی لۆجستیشەوە ئامادەكاری تەواو نەكراوە.

ئەو پەڕلەمانتارە دەڵێت: “دواخستنی هەڵبژاردنەكان بڕاوەتەوە و ئێستا قسەر لەسەر ئەوە دەكرێت بخرێتە چی بەروارێكەوە، ئایا مانگی 9 بێت یان مانگی 10 و ئەوەش دواین وادە دەبێت”.

ساڵی ڕابردوو لەگەڵ بوونی بە سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر، مستەفا كازمی بڕیاریدا هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 6-6-2021 ئەنجام بدرێت.