سەردێر

دوو شەپۆلی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە و بەستەڵەك ڕوودەدات

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان دوو شەپۆلی بەفر و باران و تەرزە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لەم هەفتەیەدا دەگرنەوە و بەهۆیەوە پلەكانی گەرما ڕوو لە دابەزین دەكەن و لە كۆتایی هەفتەدا وشكە سەرما و بەستەڵەك دەستپێدەكات.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست سبەی یەك شەممە ١٧ی١ی٢٠٢١ ئاسمانی ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەور ئەبێت و لەكاتەكانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە ئەگەری چالاكبوونی بارستە ھەوری خۆجێی و بارانبارینی پچر پچر و تەرزە و ھەورە تریشقە ئەبێت لە ھەندێك كات و ناوچەدا و پلەكانی گەرما بەڕێژەی ٢ پلەی سیلیزی ڕوو لەنزمبوونەوە دەكاتەوە و خێرایی با لە كاتەكانی دوانیوەرۆ بۆ كاتی شەو ڕوو لە زیادبوون دەكات.

ڕاشیگەیاند، پێشبینی ئەكرێت لە شەوی یەك شەممە لەسەر دوو شەممە ١٨ی١ی٢٠٢١ ھەرێمی كوردستان بكەوێتەوە ژێر كاریگەری شەپۆلێكی مامناوەند و پچڕ پچڕی بەفر و بارانبارینەوە لە كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی ھەردوو سەرچاوەی دەریای ڕەش – ناوەراست تا ڕۆژی سێ شەمە ١٩/١ قۆناغی یەكەمی بەردەوامی ئەبێت و بەفر بارین زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، قۆناغی دووھەم لەڕۆژانی چوار شەممە و پێنج شەممە ٢١/١ دەستپێدەكاتەوە و كاریگەری بارستە ھەوایەكی ساردیشی لەگەڵ ئەبێت و پلەكانی گەرما بەڕێژەی ٦ بۆ ١٠ پلەی سیلیزی نزم دەكاتەوە.

وتیشی، “لەم قۆناغەدا پێشبینی ئەكەین بەفربارین سەرجەم ناوچە شاخاوییەكان و بەشێكی زۆری سەنتەری شارەكانیش بگرێتەوە و ھاوكات تا بەرزی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا ئەگەری بەفر بارین كراوە ئەبێت”.

ڕوونیشی كردەوە، لەئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ٢١ی١ی٢٠٢١ كاریگەری ئەم شەپۆلە كۆتایی پێدێت و ناوچەیەكی پەستان بەرز كاردەكاتەوە سەر ناوچەكانمان، كە ئەبێتە ھۆی زیادبوونی خێرایی با و نزمبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما و دەسپێكردنی وشكە سەرما و بەستەڵەك لەناوچە جیاجیاكاندا .