سەردێر

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی بایكۆتی پڕۆسەی خوێندنی ڕاگەیاند

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەبارەت بە بڕیاری كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت، هیچ بەهانەیەك نەماوەتەوە بۆ لێبڕینی مووچە و دابەشنەكردنی لە 30 ڕۆژدا و دەشڵێت: “بایكۆت پرۆسەیەكی خۆرسكانەی مامۆستایانە”.

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بە بڕیاری شەرمنانەی بێ چارەسەر ناكرێ و دەشڵێت: “بە بەرپرسانی پەروەردە و حكومەت دەڵێن هەر پێشهاتێك بۆ پرۆسەی پەروەردە و خوێندن بێتە پێش ئێوە لێی بەرپرسن”.

جەختیشی كردۆتەوە، بایكۆت پرۆسەیەكی خۆرسكانەی مامۆستایان بووە و ئێمە هەمیشە پشتیوانی هەموو هەڵوێست و ناڕەزایەتیەكانی مامۆستایان بووین و دەبین.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

لای هەمووان ئاشكرایە مامۆستایان ماوەی شەش ساڵە لە خەباتێكی مەدەنی فراواندن دژی بێڕێزی و ستەمكارییەكانی دەسەڵاتداران بەرامبەر خوێندن و زانست و مافەسەرەتاییەكانی مامۆستایان و هاوڵاتیان.

لە ئێستاشدا كە بڕیارە كردنەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بە دەسپێكردنەوەی دەوامی پۆلی 12 دەست پێ بكات بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێكدا بخەینە ڕوو.

1- دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بە بڕیاری شەرمنانەی بێ چارەسەر ناكرێ، ڕێگەی دروستی دەستپێكردنەوەی خوێندنێكی ڕاستەقینە جێبەجێكردنی داواڕەواكانی مامۆستایانە.

2-ئەوەی خوێندنی پەك خستووە ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبووە و نییە، هۆكاری یەكەمی پەككەوتنی پرۆسەی خوێندن نەتوانی و نەشارەزایی و لێنەهاتوویی بەرپرسانی حكومەت و وەزارەتی پەروەردەیە لە بەڕێوەبردن و چارەسەركردنی كێشەكانی پەروەردە و مامۆستایان.

3- ئەگەر بەرپرسان دەیانەوێ پرۆسەی پەروەردەیەكی ڕاستەقینەو تەندروست دەستپێبكەنەوە، پێویستە پێش هیچ ئەگەر و چارەسەرێك چارەسەری كێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بكەن.

4- لە ئێستادا كەنرخی نەوت بەرزبۆتەوە و داهاتی ناوخۆ زیادی كردووە هیچ بەهانەیەك نەماوەتەوە بۆ لێبڕینی مووچە و دابەشنەكردنی لە 30 ڕۆژدا.

5- دەسەڵاتداران بە پیلان دەیانەوێ خوێندن و بڕوانامە بێنرخ و بێئەرزش بكەن و دەیانەوێ بەتەواوی پرۆسەی خوێندن پەك بخەن ، بۆیە زۆر خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ مافەكانی مامۆستایاندا دەكەن.

لەكۆتاییدا ڕای دەگەیەنین ئێمە لە ژێر هیچ فشار و زەبر و زەنگێكدا بێدەنگ نەبووین و بێدەنگ نابین و هەموو ڕێگەیەك دەگرێن بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانمان وە لێرەوە بە بەرپرسانی پەروەردە و حكومەت دەڵێن هەر پێشهاتێك بۆ پرۆسەی پەروەردە و خوێندن بێتە پێش ئێوە لێی بەرپرسن.

هاوكات پێمانوایە بایكۆت پرۆسەیەكی خۆرسكانەی مامۆستایان بووە و ئێمە هەمیشە پشتیوانی هەموو هەڵوێست و ناڕەزایەتیەكانی مامۆستایان بووین و دەبین.

هیوادارین بەرپرسانی حكومەت و پەروەردە بەهەستی بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ كێشەكانی پەروەردە و ماف و داواكارییەكانی مامۆستایاندا بكەن له پێناو پەكنەكەوتنی پرۆسەی خوێندن و گێرانەوەی شكۆ بۆ پەروەردە.