سەردێر

ئیستەنبوڵ بێ ئاو دەبێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
توركیا ڕووبەڕووی مەترسی نەمانی ئاوی خواردنەوە دەبێتەوە لەماوەی ئەم چەند هەفتەیە، ئەو ئاوەی لە ئیستەنبوڵیش هەیە تەنیا بەشی 45 ڕۆژی تر دەكات.

ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی بڵاویكردەوە”كەمبوونەوەی بارانبارین بۆتە مایەی دروستكردنی گەورترین وشكەساڵی لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو لە توركیا، لەئێستاشدا دانیشتوانی شاری ئیستەنبوڵ كە ژمارەیان 17 ملیۆن كەس دەبێت، مەترسی نەمانی ئاوی خواردنەوەیان لەسەرە، بەو هۆیەی ئاوی عەمباركراو بۆ ئەمساڵ بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە”.

ئیستەنبوڵ تاكە شاری نییە كە هەڕەشەی تینویەتی لێدەكرێت، بەڵكو شارەكانی تری وڵاتەكەش هەمان هەڕەشەیان لەسەرە، لەو بارەیەوە مەسنور یافاش سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرە ڕایگەیاندووە”پایتەخت ڕووبەڕووی كێشەی وشكەساڵی و كەمبوونەوەی ئاوی عەمباركراو بووە و ئەو ئاوەی هەیە تەنیا بەشی 110 ڕۆژ دەكات”.

هەروەها ئەزمیر و بۆرسەش كە لە شارە گەورەكانی توركیان، بەدەست كەمبوونەوەی ئاستی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنن، جوتیارانیش ترسی ئەوەیان هەیە، بەروبومی دانەوێڵەی چێنراویان لەمساڵدا بەهەدەر بچێت.