سەردێر

گۆڕان خەریکی خۆساغکردنەوەیە

سلێمانی – نزار جەزا

 

تەنها دوو ڕۆژ بۆ خۆتۆمارکردنی لایەنە سیاسییەکان لەکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ماوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان یەکلایی نەبوونەتەوە، کە چۆن بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، بزوتنەوەی گۆڕانیش زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بۆ خۆساغکردنەوە ئەنجامداوە.

 

نزار مەحمود ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، لەئێستادا جموجۆڵێک دروستبووە لەنێوان ئەو لایەنانەى کە لەیەکەوە نزیکن یان دەیانەوێت کورد بەیەکگرتوویی بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنى نوێنەرانی عیراق بکات.

 

وتیشی: ئێستا سسیستمی فرە بازنەیی لەهەڵبژاردنەکان پەیڕەودەکرێت، لەم کاتەشدا حزبە گەورەکان چانسی بەدەستهێنانی کورسی زیاتریان هەیە، بەجۆرێک مەجال بۆ حزبە بچوکەکان کەمبۆتەوە، کە بەجیاوازی دەنگێکی کەم حزبە گەورەکان دەتوانن کورسییەکی زیاتر بەدەستبهێنن.

 

زیاتر ڕوونیکردەوە، بەهۆی ئەو هۆکارەوە حزبەکان دەیانەوێت جۆرێک لەهاوپەیمانی دروستبکەن، ئەم زنجیرە کۆبوونەوانەى ئەم چەند ڕۆژەش هەر لەو چوارچێوەیەدایە.

 

لەبارەی هەنگاوەکانی بزوتنەوەى گۆڕان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی ناوبراو ئەوەی خستەڕوو، لەناو بزوتنەوەى گۆڕان قسەیان لەسەر هاوپەیمانی کردووە، کە هاوپەیمانی دروستبکەن، بەڵام قسە لەسەر ئەوەنەکراوە کە لەگەڵ کێ هاوپەیمانی بکەن، یان چ لایەنێک نزیکە لەگۆڕانەوە و دەتوانن هاوپەیمانی لەگەڵ دروستبکەن.

 

زیاتر ڕوونیکردەوە، خانەى ڕاپەڕاندن و ژوورە پەیوەندیدارەکان سەرپشک کراون، کە گفتوگۆ بکەن، بۆئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ کێ دروستبکەن  و بە چ شێوازێک هاوپەیمانی دروستبکەن، دواتریش کە خانەى ڕاپەڕاندن و ژووە پەیوەندیدارەکان بڕیاریاندا، بڕیارەکەیان دێتە جڤاتی نیشتیمانی، لەوێ دەنگی کۆتایی لەسەر دەدەن کە گونجاوە یان نا.

 

ئەوەشی ئاشکراکرد، لەوانەیە لەئێستادا ئەو کۆبوونەوانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان کرابن و لەگەڵ لایەنەکانیش بە تەلەفۆن یان ڕووبەڕوو یەکتریان بینیبێت، بەڵام لەڕاگەیاندنەکانەوە باسنەکراون، چونکە ماوەیەکی کەم ماوە بۆئەوەی لایەنەکان ناوی خۆیان لەکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق تۆماربکەن.

 

ناوبراو لەبارەى ئەگەری دروستکردنی هاوپەیمانی لەنێوان لایەنەکان وتی: ئەگەر لایەنەکان نیەتی هاوپەیمانییان هەبێت، ئەوا لەم چەند ڕۆژەدا هاوپەیمانییەک ڕادەگەیەنن، لەم دۆخەشدا پێویستە لایەنە کوردییەکان لەعیراق هاوپەیمانی بکەن و یەکگرتووبن و ڕێگە بەلایەنە عیراقییەکان نەدەن سوود لەپەرتەوازەیی کورد وەربگرن.

 

بزوتنەوەی گۆڕان لەو ساڵەوەی کە دروستبووە، ساڵ لەدوای ساڵ دەنگەکانی کەمیکردووە، لەم دۆخەشدا مەترسی کەمبوونەوەی زیاتری دەنگەکانیان لێ دەکرێت، لەوبارەیەوە ناوبراو ئەوەی باسکرد، مەترسی کەمبوونەوەی دەنگ لەسەر هەموو لایەنەکان هەیە، چونکە خەڵک نیگەرانە لەم دۆخە و کەمتر بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بزوتنەوەی گۆڕان بەشی خۆی جەماوەری هەیە و ناوچەیان هەیە، کە هیچ لایەنێک ناتوانێت لێیان بەرێتەوە.

 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ١٦ی ئەم مانگەی وەک کۆتا وادە بۆ لایەنە سیاسییەکانی دیاریکرد، کە خۆیان تۆماربکەن، کە ماوەیەکی کەمە بۆ خۆساغکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان، بەڵام لەهەرێمی کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوە دەستیان پێکردووە و پێدەچێت لەم چەند ڕۆژەدا هاوپەیمانییەک ڕابگەیەنرێت.