سەردێر

تاوتوێی دواخستنی هەڵبژاردن دەکرێت

دواخستنی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عیراق تاوتوێ‌ دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح، باس لە كۆبوونەوەكەی ئەم دواییەی چوار‌ سەرۆكایەتییەكە دەكات كە بە وتەی ئەو تێیدا، بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەخت كە وابڕیارە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا سازبكرێت، تاوتوێ‌ كراوە.

ئەحمەد كینانی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی ڕرژنامەوانیدا ڕایگەیاند”حكومەوت ناتوانێت هەڵبژاردنی پێشوەخت لە مانگی حوزیرانی داهاتوودا سازبكات، چونكە تەمەنی كەمە و پێویستی بە كاتی زیاتر هەیە بۆ ڕێكخستنی پرۆسەكە و هێنانەدی ئەو دەستكەوتە چاوەڕوانكراوە”.

بە وتەی كینانی”لە كۆبوونەوەكەی ئەم دواییەی چوار سەرۆكایەتییەكە، خواستی دواخستنی هەڵبژاردنەكەی مانگی حوزەیرانی داهاتوو خراوەتەڕوو”.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت”هەندێك لە هێزە سیاسییەكان ئامادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نیین، بە تایبەت ئەوانەی لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانەوە پشتیوانیان لێدەكرێت”.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هەر چوار سەرۆكایەتییەكەی عیراق (كۆماری- وەزیران- پەرلەمان- دادوەریی) كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەشدا، ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت كە لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانەوە وادەی مانگی حوزەیران بۆ ئەنجامدانی دیاریكراوە، تاوتوێ‌ كرا.