سەردێر

تووشبووانی كۆرۆنا لە جیهان 92 ملیۆنی تێپەڕاند

خەڵك-بەشی هەواڵ

بە گوێرەی دواین ئامار، تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتە 92 ملیۆن و 33 هەزار و 829 حاڵەت.
بە گوێرەی ئامارە جیهانییەكان، تاكو كاتژمێر 10ی ئەمڕۆ چوار شەممە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتە 92 ملیۆن و 33 هەزار و 829 حاڵەت، لەو ژمارەیەش ملیۆنێك و 970 هەزار و 575 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش هەبووە.

هەر بەپێی ئامارەكان تاكو ئێستا 65 ملیۆن و 866 هەزار و 155 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە.

لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، ئەمریكا زۆرترین ڕێژەی تووشبوون بە پەتاكەی تێدا تۆماركراوە و گەیشتووەتە 23 ملیۆن و 369 هەزار و 732 كەس و 389 هەزار و 621 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ڤایرۆسی كۆرۆنا نەخۆشییەكی كوشندەیە و مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو لەشاری وۆهانی وڵاتی چین سەریهەڵداو لەئێستاشدا لە زیاتر لە 210 وڵات و ناوچەی جیهان بڵاوبووەتەوە.