سەردێر

كەشوهەوای بەهاری كۆتایی دێت و سێ‌ شەپۆلی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان ئەو كەشوهەوا بەهارییەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە كۆتایی دێت و سێ‌ شەپۆلی بەفر و باران لەم مانگەدا ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەینێ چوار شەممە ١٣ی١ی٢٠٢١ لە ئەنجامی كۆتا كاریگەری بارستە ھەوای گەرمی بیابانی (ڕۆژئاوای ئەفریقا ) پلەكانی گەرما بەرێژەی ٢ تا ٤ پلەی سلیزی لە تەواوی ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان و ناوچە شاخاوییەكانیش ڕوو لەبەرزبوونەوە دەكات و بەمەش كۆتا ڕۆژ لەو كەشە نیمچە بەھارییە بەڕێ دەكەین، كە ماوەی ٢٠ رۆژە لە ئەنجامی بێبارانی كاریگەری ناوچە پەستان بەرزەكانەوە دروستبووە.

ڕاشیگەیاند، لە ڕۆژانی پێنج شەممە و ھەینیەوە ھەرێمی كوردستان پێدەنێتەوە كەشی زستانەی خۆی و بارانبارین و سەرما قۆناغ بە قۆناغ دەستپێدەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوابەدوای شەپۆلێکی بارانبارین لە ڕۆژانی ١٤-١٥-١٦ی ئەم مانگە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین و بەفر بارین لە مەودای ڕۆژانی ١٧ بۆ ٢١ی ئەم مانگە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بەھەمان سەرچاوەی نزمە پاڵەپەستۆیەکانی دەریای ناوەراست و کاریگەری بارستە ھەوایەکی ساردیشی لەگەڵ ئەبێت.

ئەو شارەزایەی بواری كەشناسی وتیشی، “سێھەم شەپۆلی بارانبارین و بەفر بارین بە ئەگەرێکی ناجێگیر دەکەوێتەوە مەودای ڕۆژانی ٢٥ بۆ ٢٧ ی کۆتایی مانگ و لەم شەپۆلەدا پێشبینی بەفر بارین بۆ سەنتەری شارەکانیش دەکرێت”.