سەردێر

پەڕلەمان یاسایەكی تایبەت بە ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان دەردەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پەڕلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسایەك تایبەت بە پاراستنی تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان دەردەكات و سزای قورسیش بۆ ئەو كەسانە دانراوە، كە زیادەڕۆیی ئەنجام دەدەن و سەرۆكی لیژنەكەی پەڕلەمانیش دەڵێت: “بەهۆی زۆر ماندووبوونیانەوە ئیمتیازێكی تایبەت دەدرێتە كارمەندانی فەرمانگەكانی ئاو”.

لوقمان وەردی، سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ لیژنەكەیان كۆبۆتەوە و ڕاپۆرتیان لەسەر پێشنیازە یاسای پاراستنی دامەزراوە و تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ ئامادە كردووە و بەواژۆی ئەندامان ڕاپۆرتەكە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان كرا بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێكارە یاساییەكانی بۆئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت.

پڕۆژە یاسای پاراستنی دامەزراوە و تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە ٢٦ ماددە و ھۆكارەكانی دەرچوواندن پێكھاتووە و لەدانیشتنێكی پێشووتری پەڕلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە.

لوقمان وەردی وتیشی، “لە پڕۆژە یاساكەدا شێوازی مامەڵە و بەكارهێنانی تۆڕەكانی ئاو و پاراستنیان بە وردی باسكراوە و سزای توند دانراوە لەسەر ئەوانەی زیادەڕۆیی دەكەنە سەر، وەك شكاندنی بۆری ئاوی خواردنەوە و ڕاكێشانی ئاو بە زیادەڕۆیی و چەندین وردەكاری تری تێدایە”.

سەبارەت بەوەی تا ئێستا هیچ ئیمتیازێك بۆ فەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتییەكانی ئاو نییە، سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پەڕلەمانی كوردستان جەختی كردەوە، كە لە پڕۆژە یاساكەدا ئەوە چارەسەر كراوە و ئیمتیازی تایبەتی بۆ فەرمانبەران دیاری كراوە و دواتر و دوای پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكە وردەكارییەكەی ئاشكرادەكرێت”.