سەردێر

كاتی گەیشتنی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ عیراق و هەرێم دیاریكرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق ئاشكرای دەكات، كە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە وڵات و دەشڵێت: “جۆری ڤاكسینی ڤایزەرە”.

ڕیاز حەلفی، بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی فەرمی عیراق ڕایگەیاندووە، سەرەتای مانگی داهاتوو (شوبات) و تاوەكو ناوەڕاستی مانگەكە ڤاكسینی دژی كۆرۆنا لە جۆری ڤایزەر دەگاتە وڵات و بەردەست دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، وەزارەتەكەیان پلانی خۆی داڕشتووە بۆ وەرگرتنی ڤاكسینەكە و لەو چوارچێوەیەشدا بەڕادی پێویست ئامادەكراوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئێستادا كارمەندانی تەندروستی دەستیان بە مەشق و ڕاهێنان كردووە و بۆ ئەوەش كۆمپانیای ڤایزەر كادری خۆی ناردووە و مەشق بە كارمەندانمان دەكات.

جەختیشی كردۆتەوە، كە لەماوەی هەفتەیەك بۆ دوو هەفتەدا گرَێبەستی كڕینی ڤاكسینەكە لەگەڵ كۆمپانیای ڤایزەر ئەنجام دەدەن.

پێشتر وەزیری تەندروستی هەرێم ئاشكرای كرد، كە لە چوارچێوەی گرێبەستی كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە، پشكی هەرێمی كوردستانیش دیاری دەكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ستافێكی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ كڕینی ڤاكسینەكە لەگەڵ كۆمپانیای ڤایزەر كۆبوونەوە.