سەردێر

پەڕلەمانتارێكی یەكێتی: ئەگەر هەرێم پابەندنەبێت عەرەب بە زۆرینە بودجە تێدەپەڕێنێت

پەڕلەمانتارێكی یەكێتی: ئەگەر هەرێم پابەندنەبێت عەرەب بە زۆرینە بودجە تێدەپەڕێنێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەندامێكی پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی نەمانی متمانە لەنێوان كوتلەكان و نەبوونی متمانە بەحكومەتی هەرێم، عەرەب مەبدەئی زۆرینە و كەمینە بەرامبەر كورد بەكاردێنن لە پەڕلەمان بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق.

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕایگەیاند، بەهۆی بوونی كێشە كەڵەكەبووەكانی ساڵانی پێشوو هەروەها نەمانی متمانە لە نێوان كوتلە سیاسییەكانی عیراق و لە لایەكی دیكە نەمانی متمانەی بەغدا بە هەرێم، تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 ئەستەم دەبێت، ئەگەر كورد پابەند نەبێت.

وتیشی، “نوێنەرانی پارێزگای بەسڕە لە ناو پەڕلەمان باسلەوەدەكەن، كە لەماوەی ڕابردوودا غەدریان لێكراوە و بۆ ئەمساڵ ڕێگر دەبن لە هەر پێشێلكاریەك، كە دەرحەقیان بكرێت، ئەمە بۆ هەموو نوێنەری پارێزگاكانی دیكەی عیراق ڕاستە”.

ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا لەناو پەڕلەمانی عیراق عەرەب مەبدەئی زۆرینە و كەمینە بەرامبەر كورد بەكاردێنن و مەبدەئی تەوافق لەبەرچاو ناگرن، بەپێی یاسا دەستی كوردیان بەستۆتەوە و دەیانەوێ هەرێم هەموو نەوت ڕادەست بكات، بۆیە شەڕی ئەمجارەی عەرەب و كورد لەسەر ماف و ئازادی نیە، لەسەر نان و قوت و ئابوورییە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەوەی لە ناو هۆڵی پەڕلەمان بینمیان لە كۆبوونەوەی دوێنێ باوەڕ ناكەم بەبێ ڕێكمەوتنی سیاسی لەدەرەوەی پەڕلەمان هیچ پێشنیار و دەنگی كوتلە كوردستانیەكان لەناو پەڕلەمان بەجدی وەربگرن.