سەردێر

بەهای دۆلار دەگاتە سەرووی 150 هەزار دینار

خەڵك- بەشی هەواڵ
شارەزایەكی بواری ئابووری و بۆرسە ڕایدەگەیەنێت، بە كەمبوونەوەی دۆلار لە بازاڕدا بەهاكەی بەرامبەر بە دیناری عیراقی بەرزدەبێتەوە و دەشڵێت: “بەهای 100 دۆلار دەگاتە نزیكەی 155 هەزار دینار”.

هێمن فەقێ‌، شارەزای بواری ئابووری و بۆرسە بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بانكی ناوەندی عیراق لە 4-1-2021 لە كاتژمێر 5ی ئێوارە بە فەرمی بەهای دۆلاری بە نرخە نوێیەكەی خستە بازاڕەوە، بەڵام هەمان ڕۆژ تا 4:45 خوولەكی ئێوارە 100 دۆلاری بە 118 هەزار دینار فرۆشتووە.

ڕاشیگەیاند، بەپێی ئەم داتایەنە بێت، دەبێت نرخی دۆلار لە ماوەیەكی نزیكدا لە نێوان 149 تا 155 هەزار دینار جێگیر ببێت لە بازاڕدا .

جەختیشی كردەوە، ئەم نرخە كاتێك دەگۆڕێت، كە دۆلار لە بازاڕدا كەم دەكات و بانكە ئەهلیەكان ناچار دەبن بە كڕینی دۆلار لە بانكی ناوەندی و نرخیش بەرەو جێگیربوون دەڕوات.

لای خۆشیەوە، یادگار حەسەن لە كۆمپانیای سەعید بۆ ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نرخی دۆلار بۆ ئەمڕۆ یەك شەممە 10-1-2021، بەرزبۆتەوە و بەهای 100 دۆلاری ئەمریكایی بە 143 هەزار 400 دینار مامەڵەی پێوە كراوە.

دەشڵێت: “هەرچەندە دوێنێ نرخی دۆلار بۆ 141 هەزار دابەزی، بەڵام بەهۆی ئەوەی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە كراوە لە پەڕلەمان و بەپێی زانیارییەكان، دۆلارێك بە 1450 دیاری كراوە، نرخی دۆلار ئەمڕۆ بەرز بووەوە”.

لە ئێستادا بەهۆی لێدوانە جیاوازەكانی بەرپرسانی عیراق بەردەوام بەهای دۆلار لە گۆڕانكاری و ناجێگیریدایە، سەرەڕای ئەوەی بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی بڕیاریانداوە بەهای 100 دۆلار بە 145 هەزار دینار بفرۆشن و لە بازاڕدا بە 147 هەزار دیناربێت.

هەرچەندە وەزارەتی دارایی و هەندێك لە بەرپرسانی عیراق ڕایانگەیاند، كە ئەگەری دەستكاری كردنی بەهای دۆلار هەیە، بەڵام دوێنێ‌ پڕۆژە یاسای بودجە خوێندنەوەی بۆ كرا و بەهاكەی بە 1145 دینار بۆ دۆلارێك ماوەتەوە و وەك شارەزایانی بوارەكە دەڵێن: “ئەو لێدوانانە بۆ دامركاندنەوەی توڕەیی شەقامە”.