هۆكاری كەمی باران بارین لەمساڵدا چییە؟

سەردێر

خەڵك- بەشی هەواڵ
ماوەی زیاتر لە مانگێكە باران و بەفر لە ناوچەكانی عیراق و هەرێم نەباریوە و ئەوەش ترس و دڵەڕاوكێی لای هاووڵاتیان و بەتایبەت جوتیاران دروست كردووە دەربارەی وشكەساڵی، بەلام شارەزایەكی بواری كەشناسی ئاشكرای دەكات، كە باران بارین دەستپێدەكاتەوە و مەترسی وشكەساڵی نابێت و هاوكات پسپۆڕێكی دیكەی كەشناسی هۆكاری نەبارینی باران لە ماوەی ڕابردوودا ئاشكرادەكات.

وشكەساڵی ڕوونادات و باران بارین دەستپێدەكاتەوە
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، باجوتیارانی گەرمیان و كوردستان لە ئێستاوە بێ ئومێد نەبن و نەڵێن وشكەساڵیە، وەك ئەوەی لەچەند مانگی ڕابردوش ئاماژەم پێكردوە، كە ئەگەری وشكە ساڵی ئەگەرێكی زۆر لاوازە و پێشبینی ڕوودانی ناكەین.

وتیشی، “با ئەو مژدەیەش بە هاووڵاتیان و جوتیاران بدەم، كە لەمانگەكانی (2 و 3) مانگی تەڕ و بارانە و بەتایبەتیش مانگی 3، پێشبینیش دەكەین بارانبارین تا كۆتایەكانی مانگی ٥یش بەردەوامی هەبێت لە كوردستان و عێراق”.

لای خۆشیەوە، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) دەڵێت: “سەبارەت بە بارانبارین لەمانگەكانی داھاتوودا بۆ ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان پێشبینی ئەكەین لەمانگی شوباتی ئایندەدا ڕێژەی بارانبارین بە ١٠٪‏ باشتر بێت لەم مانگە و لە مانگی ئازاردا ٢٠٪‏ باشتر ببێتەوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە بەھەمان شێوە لە خوار ئاستی ئاسایی بارانبارینی وەرز و مانگەكەیە، بەڵام بە ڕاورد بەمانگەكانی ڕابردوو باشتر ئەبێت، لەمانگی نیسان و ئایاری كۆتایی وەرزی بارانبارین بۆ ئاستی تێكرایی ئاسایی ئەگەڕێتەوە .

دیاردەی لالینا چییە؟
لالینا دیاردەیەكی جیھانیە لەسەر ڕووبەرە ئاوییەكانی ناوەڕاستی زەریای ھێمن، كاتێك پلەكانی گەرما نزمدەبنەوە بۆ ژێر تێكرای ئاسایی ئەم دیاردەیە ڕوودەدات و گۆڕانكاری بەسەر كەشوھەوای جیھاندا ئەھێنێت.

ئەگەر سەیری كاریگەرییەكەی بكەیت لەسەر وڵاتانی (ئاسیا) ئەبێتە ھۆی زیادبوونی بارانبارین لە ڕۆژھەڵات و باشوری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا و بەپێچەوانەوە ئەبێتە ھۆی كەمبوونەوەی بارانبارین لە ڕۆژئاوای ئاسیا، كە پێكھاتووە لە وڵاتانی عێراق و ئێران و وڵاتانی دراوسێ.

هۆكاری نەبارینی باران چییە؟
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، دیاردەی جیھانی (لالینا) كاریگەری هەیە لەسەر زیادبوون و كەمبوونەوەی بارانبارین بۆ ژێر ئاستی ئاسایی ساڵانە، چونكە وەك لە كۆتایەكانی مانگی بەھاری ساڵی رابڕدوو پێشبینی دەكرا دیاردەی لالینا بۆ وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ بەبەھێزی ڕووبدات بەتایبەت لە مانگەكانی ١٢ و ١ بگاتە زاڵبوونی دیاردەكە بۆ لوتكە بەڕێژەی لەسەدا ٨٧٪‏ بۆ ٩٠٪‏ كە ئەمەش بووە ھۆی كەمبوونەوەی بارانبارین لەناوچەكانمان بۆ ئاستێكی زۆر نزم لە خوار تێكرای ئاسایی ساڵانە و وشكبوونەوەی ھەوا و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمای بەدوادا ھات چەند ھۆكارێكی دیكە و زاڵبوونی ناوچە پەستان بەرزەكان بە ماوەی درێژ خایەن ڕۆڵێكی بەرچاویان ھەبووە .

ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆتایەكانی مانگی شوبات-ی ئەمساڵەوە پێشبینی دەكرێت كاریگەری لالینا بەرەو كەمبوونەوە بچێت و پلەكانی گەرما لە ناوەڕاستی ڕۆژھەڵاتی زەریای ھێمن لە ٢.٠ – پلەی سیلیزی خوار تێكرای ئاسایی بەرزببنەوە بۆ ١.٢ – پلەی سیلیزی خوار تێكرای ئاسایی و لە مانگی نیسانی وەرزی بەھار بۆ مەودای ٠.٧ – ، ٠.٠ – پلەی سیلیزی واتا كاریگەری لالینا كەمدەبێتەوە بۆ ڕێژەی لەسەدا ٥٥٪‏ بۆ ٥٠٪‏ وە حاڵەتی ئاسایی بۆ ٤٠٪‏ تا ٥٠٪‏ بەرزدەبێتەوە لە وەرزی بەھاردا .