خەڵك- بەشی هەواڵ
ماوەی 7 ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسای بودجەی نەناردۆتە پەڕلەمانی كوردستان و پەڕلەمانی كوردستانیش تا ئێستا لێپرسینەوەی لەسەر داهات و خەرجییەكانی هەرێم نەكردووە و پەڕلەمانتارێكیش دەڵێت: “دەبێت یاسای بودجە هەموو داهاتە ڕاستەقینەکان لەخۆبگرێت و ئاشکرایان کات، ئەگەرنا ئایندەی دۆخی دارایی و هەرێم لە (٢٠٢١)یش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بە نادیاری دەمێنێتەوە”.
دواین یاسای بودجە، كە لە پەڕلەمانی كوردستان پەسەند كراوە لە ساڵی 2013 بووە و دوای ئەوە نە حكومەت پڕۆژە یاسای ناردۆتە پەڕلەمان و نە پەڕلەمانیش لێپرسینەوەی كردووە بەو پێیەی یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی پەڕلەمان پەسەند كردنی بودجەیە، كە لە ڕێگەیەوە “شەفافیەت و دادپەروەری” بەدی دێت.
لابردنی عەبدولمەهدی ڕیسەكەی لە هەرێم كردەوە بەخوری
بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) كە لە سەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییەوە دەستی كەوتووە، ساڵی ڕابردوو بەهۆی ڕێككەوتن و لێكنزیكبوونەوەی عیراق و هەرێم، پڕۆژە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2020 ئامادە كرا و بۆ ناردنی بۆ پەڕلەمان تەنها چاوەڕێی ئەوە كرا بزانرێت لە پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق پشكی هەرێم چەندە.
سەرچاوەكە وتیشی، “بەڵام بەهۆی ئەوەی لە عیراق پڕۆژە یاسای بودجە ئامادە نەكرا بەهۆی خۆپیشاندانەكان و گۆڕینی حكومەت و دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و كابینەكەی، بۆیە پڕۆژە یاساكەی هەرێمیش نەنێردرایە پەڕلەمان”.
پەڕلەمانتارێك: فشارمان كردووە تاوەكو حكومەت پلانی دارایی هەبێت
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، وهك بهشێك له ئهركی پهڕلهمانیم، سهبارهت به نهبوونی یاسای بودجه و نهناردنی ژمێرهی كۆتایی حكومهت بۆ پهڕلهمان و نەبوونی بەرچاوڕوونی پەرلەمان و خەڵک و مووچەخۆران بۆ داهاتووی دارایی، لە پەڕلەمانەوە شەش جار بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ و ڕێکاری پەڕلەمانی فشارمان کردووە تا حکومەت پلانی دارایی هەبێت.
وتیشی، “گرنگترین شت ئەوەیە، کە یاسای بودجە هەموو داهاتە ڕاستەقینەکان لەخۆبگرێت و ئاشکرایان کات، ئەگەرنا ئایندەی دۆخی دارایی و هەرێم لە (٢٠٢١)یش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بە نادیاری دەمێنێتەوە”.
حكومەتی هەرێم ئامادەكاری بۆ بودجەی 2021 دەكات
بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە د. جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو.
هەفتەی ڕابردوو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، كە وەزارەتەكان ڕاسپێردراون بۆ ئامادەكاری بودجە و وەزارەتی دارایی و پلاندانان خەریكی ئامادەكردنی ڕەشنووسی بودجەن بۆ ساڵی 2021 و بۆ ئەوەش حكومەت خەرجییەكانی كەمكردۆتەوە و داهاتی زیاد كردووە.
عومەر گوڵپی بۆ (خەڵك) وتی، “پاش هەموو ئەم هەوڵانە، وادیارە حکومەت بیری کردۆتەوە لەوەی یاسای بودجەی هەبێت، هیوادارم هەوڵ و فشارەکانی ئێمە و هاورێکانمان بتوانێت ببێتە هۆی ڕاستکردنەوەی ئەم بارە لارە و حکومەت داهات و خەرجییەکانی لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا بنێرێتە پەڕلەمان و کۆتایی بەم یاساکشێنی و فەوزایە بهێنێت”.
حكومەتی هەرێم دوو بودجە ئامادە دەكات؟
لای خۆشیەوە، محەمەد سەعدەدین ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دوو شێواز بودجە بنێردرێت، یان دەبێت لە پەڕلەمانی عیراق پشكی هەرێم دیاری بكرێت و بەپێی ئەو پشكە پڕۆژە یاسای بودجە ئامادە بكرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.
وتیشی، “ئەگەر لە بودجەی عیراق پشكی هەرێم دیاری نەكرا، یاخود وەكو ساڵانی ڕابردوو كۆسپ هاتە بەردەمی، پێویستە هەرێمی كوردستان بەپێی داهاتی ناوخۆی پڕۆژەكە ئامادە بكات، ئێمە چەند داهاتمان هەیە و خەرجیمان چەندە و لەو چوارچێوەیە پڕۆژەكە ئامادە بكرێت بۆ ئەوەی هەموو وەزارەتی و دەزگاكانی بزانن ئەمساڵ چەند پارە هاتووەتە دەستی و چۆن خەرجی كردووە”.
ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو 2020/1/7 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی هەفتانەی سازدا و بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، “بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەش، بریتی بوو لە خستنەڕووی، هێڵە گشتییەكانی ڕەشنووسی یەكەمی پڕۆژەی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی2021 و پێشبینی و پێشنیارەكانی وەزارەتەكان، سەبارەت بە ڕێكخستنەوەی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان و سنوورداركردنی كورتهێنانی دارایی”.
بەپێی بڕگهی دووهم، له ماددهی (٩٨)ی پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی كوردستان، پێویسته ئهنجوومهنی وهزیران له مانگی نیسانی ههر ساڵێكدا ژمێرهی كۆتایی خۆی بنێرێته پهڕلهمان، ههروهها به پێی بڕگهی یهكهمی ههمان مادده، پێویسته ئهنجوومهنی وهزیران له سهرهتای مانگی (١٠)ی ههر ساڵێكدا پڕۆژه پێشنیاری یاسای بودجه بنێرێته پهڕلهمان، بهڵام ئهوه 7 ساڵه حكومهت پابهندی ئهم بنهما دهوڵهتداریی و پهڕلهمانیه نابێت و له ساڵی (٢٠١٣)هوه یاسای بودجهی نییه.