سەردێر

لەبارەی ئەگەری وشكەساڵی ڕوونكردنەوە دەدرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی ئەوەی ماوەی مانگێكە باران و بەفر لە ناوچەكانی هەرێم نەباریوە و سەرماوسۆڵە و كەشی ساماڵ باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە، هاووڵاتیان و بەتایبەت جوتیاران مەترسی وشكەساڵییان هەیە و شارەزایەكی كەشناسی-ش دەڵێت: “باران بارین دەستپێدەكاتەوە و ئەمساڵ تا كۆتایی مانگی ئایار بەردەوام دەبێت”.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، باجوتیارانی گەرمیان و كوردستان لە ئێستاوە بێ ئومێد نەبن و نەڵێن وشكەساڵیە، وەك ئەوەی لەچەند مانگی ڕابردوش ئاماژەم پێكردوە، كە ئەگەری وشكە ساڵی ئەگەرێكی زۆر لاوازە و پێشبینی ڕوودانی ناكەین.

وتیشی، “با ئەو مژدەیەش بە هاووڵاتیان و جوتیاران بدەم، كە لەمانگەكانی (2 و 3) مانگی تەڕ و بارانە و بەتایبەتیش مانگی 3، پێشبینیش دەكەین بارانبارین تا كۆتایەكانی مانگی ٥یش بەردەوامی هەبێت لە كوردستان و عێراق”.

جەختیشی كردەوە، هیچ پێویست بەوە ناكات بڵێین وشكەساڵیە و ئەگەرێكی زۆر دوورە و ڕووشنادات بەتایبەتیش گەرمیان، كە لە 15ی مانگ بەدواوە نزمە پەستان ( H )ی دەریای سوور دروست دەبێتەوە بۆ گەرمیان و كەركوك و سلێمانی و هەڵەبجە.