خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك ڕێنمایی نوێی سەبارەت بە سیستمی (E-PARWARDA) بۆ مامۆستایان و خوێندكاران لە ناوەندەكانی خوێندن دەركرد.
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گشتاندنێكدا، كە دوێنێ 4-1-2021 بە واژۆی وەزیری پەروەردە دەركراوە، ژمارەیەك ڕێنمایی نوێی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران دەركردووە، كە پێویستە تاوەكو بەرواری كۆتایی ئەم مانگە (31-1-2021) پێوەی پابەندبن.
وەك لە ڕێنماییەكاندا ڕوونكراوەتەوە، دەبێت سەرجەم زانیاری مامۆستایان و گۆڕانكارییەكان لە میلاك و خانەنشینی و مامۆستایان و فەرمانبەران لە سیستمی (e-parwarda) تۆمار بكرێت و زانیارییەكانی خوێندكاران داخڵ بكرێن.
جەختیشكراوەتەوە، كە ئەو خوێندنگایانەی نەخراونەتە ناو سیستمەكەوە، ئەمساڵ داخڵ بكرێن و پەیڕەوی سیستمەكە بكەن و بەشی مووچە لە سیستمەكە كارابكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تاوەكو ئێستا دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بەداخراوی ماونەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ و بەیانی دواین بڕیار لەبارەی كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن بدرێت.