سەردێر

هەندێك لە فراكسیۆنەكان دەنگ بە كاندیدی وەزیری سامانە سروشتییەكان نادەن

پارتی هەڕەشە دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
هەندێك لە فراكسیۆنەكان و پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی كوردستان، ئامادەنیین دەنگ بە كەمال ئەتروشی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی پارتیش هەڕەشە دەكان و دەڵێت” چاوەڕوانی هاوبەشەكانمان دەكەین دەنگ بە كاندیدی پۆستی وەزیری سامانە سروشییەكان بدەن، بەپێچەوانەوە ئەگەر دەنگ بە كاندیدی وەزیری سامانە سروشتییەكان نەدەن،پۆستیتر ماوە بەركەوتی ئەوانە، ئەوكات چاوەڕوانی دەنگی فراكسیۆنی پارتی نەبن”.

وابڕیارە سبەینێ‌ پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و دەنگ لەسەر كاندیدی وەزیری سامانە سروشییەكان بدات، كە كەمال عەبدولحەمید عبدەلرەحمان (د. كەمال ئەتروشی)یە و لەلایەن مەسروور بارزانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەو پۆستە كاندید كراوە و سیڤەیەكەی ڕەوانەی پەرلەمان كراوە.

هەریەك لە فراكسیۆنی كۆمەڵ و یەكگرتووش لە پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستی خۆیان لەبارەی كاندیدی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاگەیاندووە و دەڵێن” دەنگ نادەن بە كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان”.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان بڵاوكرایەوە “وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن بۆ رای گشتی ڕایدەگەیەنین كە دەنگ نادەین بە كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، هەروەك چۆن لەكاتی خۆشیدا دەنگمان بەم كابینەیە نەدا كە هەمو گیانی نغرۆی شكست و گەندەڵیی بووە”.

فراكسیۆنی كۆمەڵ پێیوایە”دۆسێی نەوتی حكومەتی هەرێم بە تەواوی شكستیهێناوە و داهاتەكەی لە خزمەتی شەخس و حزب و بنەماڵە سیاسییەكاندایە و بوون و نەبوونی وەزیرێك هیچ لە گوزەرانی خەڵك و دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان ناگۆڕێت”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”گۆڕین و پێداچونەوە بەسەرجەم گرێبەستەكان و نەهێشتنی گەندەڵیی و بڕینی دەستی حزب و شەخس لەو سامانە نیشتمانییەی خەڵكی كوردستان و بەكارهێنانەوەی داهاتەكەی لەبەرژەوەندی خەڵك و بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی، لە پێشترە وەك لە بون و نەبونی وەزیرێك”.

هەر لەو بارەیەوە شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە میدیای حزبەكەی ڕاگەیاندووە” وەك فراكسیۆنی یەكگرتو ئامادەی كۆبونەوەكەی پەرلەمان دەبن، بەڵام دەنگ بە وەزیری سامانە سروشتیەكان نادەن، پێیان وایە ئەو كەسەی كە ئێستا وەك وەزیری سامانە سروشتیەكان دەست بەكار دەبێت لەسەر هەمان پڕۆسە و گرێبەستەكانی پێشووی نەوت لە هەرێم كوردستان درێژە بەكارەكان دەدات و ئەوەش هیچ ناگۆڕێت لە رەوشەكە تا پڕۆسەی نەوت بەتەواوی چاكسازی تێدا نەكرێت”.

سەبارەت بە سیڤی كاندیدەكەی وەزیری سامانە سروشتیەكان، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو دەڵێت”ئەمڕۆ سیڤی كاندیدەكە هاتۆتە پەرلەمان و پێویست بوو، زووتر سیڤی بۆ پەرلەمان بنێردرێت تا لێكۆڵینەوەی زیاتر لەسەر مێژووی ئەو كەسایەتیە بكرێت و بزانرێت كارو بەرنامەی چییە بۆ پڕۆسەی نەوت و سامانە سروشتیەكان لە هەرێمی كوردستان”.

لەبەرانبەردا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند “چاوەڕوانین هاوبەشەكانمان دەنگ بە كاندیدی پۆستی وەزیری سامانە سروشییەكان بدەن و بە پێچەوانەوە پۆستیتر ماوە بەركەوتی ئەوانە ئەوكات چاوەڕوانی دەنگی فراكسیۆنی پارتی نەبن”.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند” ئێمە دەنگی یاسایی ژمارەی پەرلەمانتارانمان هەیه ‌و چاوەڕوانین هاوبەشەكانمان دەنگ بە كاندیدی پۆستی وەزیری سامانە سروشییەكان بدەن، بە پێچەوانەوە ئەگەر دەنگ بە كاندیدی وەزیری سامانە سروشتییەكان نەدەن،پۆستیتر ماوە بەركەوتی ئەوانە ئەوكات چاوەڕوانی دەنگی فراكسیۆنی پارتی نەبن.”

وێڕای هەردوو فراكسیۆنی كۆمەڵ و یەكگرتوو، دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاندبوو”بەشێك لەئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان دەنگ بەو كاندیدەی پارتی نادەن، چونكە دەركەوت سیاسەتی نەوت شكستی هێناوەو زیاتر لەچواردە ساڵە كەس نازانرێت چارەنوسی نەوت بەكوێ گەیشتووە”.

د. كەمال ئەتروشی ئەمڕۆ چۆتە پەڕلەمان بۆ زانینی ڕێكارەكانی كۆبوونەوەی سبەینێی پەڕلەمان بە مەبەستی سوێندخواردنی وەك وەزیری سامانە سروشتییەكان.