سەردێر

یەكێتی زانایان داوای چارەسەری مووچەی فەرمانبەران دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
یەكێتی زانایانی ئایینی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران پەیامێك ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم دەكات و دەڵێت: “پێویستە چارەسەر بكرێت” و جەختیشدەكاتەوە، كە پێویستە لایەنە سیاسییەكان كێشەكانی نێوانیان كۆتایی پێ‌ بهێنن.

عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە كۆنفڕاسێكی ڕژنامەوانیدا ڕایگەیاند، داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكەین چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكات.

ڕاشیگەیاند، وەك زانایانی ئاینی داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین كۆتایی بە كێشە و ناكۆكیەكانی نێوانیان بهێنن و هەوڵی چارەسەری كێشە كەڵەكەبووەكانی هەرێم بدەن.

ئاشكراشی كرد، بەداخەوە ساڵی ڕابردوو زۆرترین ئازیزمان لەدەستداون، 94 مامۆستایانی ئایینی، كە بەشێكیان بە كۆرۆنا و بەشێكیشیان بەنەخۆشی تر كۆچی دواییان كردووە، بۆیە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین هەنگاوی پڕكردنەوەی شوێنی ئەو مامۆستایانە بهاوێت.