سەردێر

هێزە عێراقییەكان لە ئامادەباشیدان

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

ئەمڕۆ 3-1-2021 ساڵێك بەسەر كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی تێدەپەڕێت و بەپێی زانیارییەكانیش، ئەمڕۆ لایەنە شیعییەكان و بەتایبەت حەشدی شەعبی خۆپیشاندان دەكەن، دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی عیراقیش ڕایدەگەیەنێت، هێزە ئەمنییەكان لە شاری بەغدا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

لای خۆشیانەوە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەردەوامین لە بڵاوەپێكردنی هێزە ئەمنییەكان بۆ ڕێگەگرتن لە هەر ڕووداوێكی نەخوازراو لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس.

ئاشكراشیدەكات، بەشێك لە هێزەكانمان بۆ پاراستنی نێردەو باڵیۆزخانەكانی وڵاتان دابینكردووە.

پێشتریش مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند، ڕێگە بەهیچ پێشێلكاری و پاساوێك نادەین كە هەڕەشە بێت بۆ سەر سەروەری خاكی عیراق.