سەردێر

كاتی كردنەوەی خوێندنگەكان و شێوازی دەوام دیاریكرا

خەڵك- بەشی هەواڵ

دوای ڕاگرتنی بۆ ماوەی 4 مانگ بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، لە10 بۆ 15ی ئەم مانگەوە دەرگای خوێندنگەكان بەڕووی پڕۆسەی خوێندن دەكرێتەوە.

یەكێتی قوتابیانی كوردستانی، كە ڕێكخراوێكی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە لەزاری سەرچاوەیەكی تایبەتەوە لە وەزارەتی تەندروستی بڵاویكردەوە، لە ڕۆژی (١٠) یاخود (١٥)ی ئەم مانگەوە لەڕووی تەندروستییەوە ڕێگا بە كردنەوەیخوێندنگەكان دەدرێت تا دەوامی خۆیان بكەن.

ڕاشیگەیاندووە، دەوام بەشێوەی ٣ بە ٣ دەبێت لەهەفتەیەك، ئەویش بەپێی پلانی وەزارەتی پەروەردە و چۆنیەتی دابەشكردنی خوێندكاران بەسەر پۆلەكان ڕێكدەخرێت.

پێشتر (خەڵك) لەزاری سەرچاوەیەكی پەروەردەوە بڵاویكردەوە، لە ئێستادا بەهۆی دابەزینی ژمارەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا، وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و لیژنەی پەروەردەی پەڕلەمان ڕەشنووسێكیان ئامادەكردووە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە 10-1-2021 و بۆ ئەوەش سێ‌ بژاردە بۆ شێوازی خوێندن ئامادەكراوە.

(خەڵك) زانیویەتی، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بابەتەکانی وەرزی یەکەم دەخوێندرێت و پۆلی 12ی ئامادەیی لە کوێ وەستاون لەو شوێنە دەست پێدەکەنەوە.

بۆ پۆلە ناکۆتاییەکان سێ بژاردە دیاری كراوە، كە بەپێی دۆخەکە یەک لەو بژاردانە پەیڕەو دەكرێت، كە بریتیە لە:
یەكەم: بەشێوەیەکی ئاسایی خوێندكاران وەک کاتی پێش کۆڕۆنا دەوام بکەن.
دووەم: هەر پۆلێک، کە ژمارەی خوێندكاری زۆرە بكرێتە دوو گروپ و هەر گروپێک هەفتەی سێ ڕۆژ دەوام بکات.
سێیەم: لەهەفتەیەک یەک ڕۆژ بۆ هەر پۆلێک دەوام بکرێت.