خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت ، ململانێی نێوان حكومەت و گروپە چەكدارەكان، عێراقی خستووەتە بەردەم مەترسی گەورە و دەشڵێت،”هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەم دۆخەدا، هیچ لە بارودۆخەكە ناگۆڕێت، چونكە هێشتا چەك بۆ دەستی دەوڵەت نەگەڕاوەتەوە و گەرەنتی نیە”.
شێركۆ میروەیس ، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەڕلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، سەروەری عیراق لە ژێر پرسیاری گەورەدایە ، سەروەری عێراق تەنها بەزاندنی سنوورەكان لەلایەن وڵاتانی دەوروبەر ناگرێتەوە، بەڵكو دەستدرێژیكردنە سەر سەقامگیری و ئاسایشی عیراقیش بەزاندنی سەروەرین.
ڕاشیگەیاندووە، عێراق بۆ ئەوەی باشتر سنوورەكان و ناوخۆی بپارێزێت، دەبێت بەغدای پایتەخت و ناوەندە دبلۆماسیەكان، كە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە و ڕۆڵیان لە ئاوەدانكردنەوەی وڵات هەیە پارێزگاریان لێ بكەن.
دەربارەی كێشمەكێشی نێوان گروپە چەكدارەكان و حكومەتی عێراق ئەو پەڕلەمانتارە باسی لەوەشكردووە، كە دەبێت كێشمەكێشی نێوان حكومەت و گروپەكان بەلایەكدا بكەوێت، كە ئاراستەیەكیان دەیەوێت عیراق نوقمی گەندەڵی و شێواندنی باری ئەمنی بكات، ئاراستەكەی دیكەش، دەیەوێت یاسا سەروەر بێت و وڵات بۆ هەمووان بێت و ئەمنیەتی بۆ بگەڕێتەوە.
ئاشكراشیكردووە، هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لەم دۆخەدا، هیچ لە بارودۆخی عیراق ناگۆڕێت ، چونكە هێشتا چەك بۆ دەستی دەوڵەت نەگەڕاوەتەوە و گەرەنتی نیە، دەزگا ئەمنیەكانیش بتوانن پارێزگاری لە پرۆسەیەكی بێ كێشە بكەن، هەروەها دەستوەردانی وڵاتانیش لە دۆخی عێراق هێشتا لە ئاستێكی بەرزدایە.