سەردێر

بەرهەم ساڵح: فەرمانڕەواكانی دوای 2003 خزمەتی خەڵكی عیراقیان نەكردووە

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆك كۆماری عیراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو سیستمە فەرمانڕەوایەی لەدوای 2003 هاتەئاراوە، توانای خزمەتكردنی خەڵكی نەبووە ، بەپێویستیشی دەزانێت قوتی هاووڵاتیان و موچەخۆرانی عیراق و هەرێمی كوردستان نەبەسترێتەوە بە ململانێی سیاسییەكانەوە.

د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق لە وتارێكیدا بە بۆنەی ساڵی نوێوە كە لە ڕۆژنامەی (الصباح) نیمچەفەرمیی عیراقی بڵاوكرایەوە ڕایگەیاندووە” ساڵی 2020 ساڵی نائومێدی و قەیران بوو و لەو ماوەیەدا چەندین ئاستەنگی نەخوازراو رویاندا، لەناویاندا بڵاوبونەوەی كۆرۆنا و هەروەها گەردەلولی سیاسی و قەیرانە ئەمنی و ئابوری، كە دۆخی عێراقیان بەرەو قۆناغێكی مەترسیدار پەلكێشكرد، ئەوەش دەرخەری راستەقینەی بونی گرفت و كێشە بوو لەسیستەمی حوكومڕانی عێراق”.

سەرۆك كۆماری عیراق دان بەوەدا دەنێت پێیوایە “سیستمی حكومڕانی، كە لەدوای ساڵی 2003وە دروستبوە، روبەڕوی بۆشایی گەورە بوەتەوە و ناتوانێت خزمەتی هاوڵاتیان بكات”.

سەرۆك كۆماری عیراق دەڵێت “پێویستیمان بە گرێبەستێكی سیاسیی نوێ هەیە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت، كە توانای بونیاتنانی دەوڵەتێكی رێزلێگیراو و خاوەن سەروەری گەرەنتی بكات. دژی ئەوەشە، كە “هاوڵاتیانی عێراقی باجی ململانێ و گرفتە سیاسییەكان و گەندەڵی بدەن و یاری بە قوتی رۆژانەی ژیانییانەوە بكرێت، بۆیە پێویست دەكات بڕیار و رێكارەكانی چاكسازی رون بن و هاوڵاتیان لەكاریگەرییەكانی هەموو ململانێ سیاسییەكان دوربخرێنەوە، نابێت قوتی هاوڵاتیان و موچەخۆرانی عێراق و هەرێمی كوردستان ببەسترێتەوە بە ململانێ سیاسییەكان و كاریگەرییە ماڵوێرانكارییەكانی گەندەڵی”.