سەردێر

ماڵپەڕێكی ئەمریكایی: ئێران وادەكات ئەمریكا عیراق داگیربكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ماڵپەڕی (ناشیوناڵ ئینترست)ی ئەمریكایی پسپۆڕ لە توێژینەوە ستراتیژییە سەربازییەكان، هۆشداریی دەدات لە چوونە نێو هەر ململانێیەكی سەربازی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران و دەڵێت، شەڕەكە دۆزەخ دەبێت لەسەر زەوی و داگیركردنەوەی عیراقیش بۆ سویای ئەمریكا وەك سەیران و كاتبەسەربردن دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتێك كە لەلایەن ماڵپەڕەكەوە بڵاوكراوەتەوە”وێڕای نەبوونی هیچ بەڵگەیەك لەسەر پابەندنەبوونی لایەنی ئێرانی بە ڕێكەوتنی ئەتۆمی، بەڵام ئیدارەكەی ترەمپ تائێستاش پێداگرە لەسەرهەوڵەكانی بۆ تێكدانی سەقامگیریی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەڕێی هەندێك ئامرازیی سەربازی نهێنی و ئاشكرا كە لەلایەن هەندێك لە كەسێتییەكانی وەك مارك دۆبۆیتز لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراتییەكان، و سیناتۆر تۆم كۆتۆن ڕاوێژكاریی سیاسییەوە دادەڕێژرێن. هەندێكیش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەمان خواستییان هەیە وەك دەوڵەتەكانی ئیسرائیل و سعودیە”.

لە ڕاپۆرتەكەی (ناشیوناڵ ئینترست)ی ئەمریكاییدا هاتووە”ویلایەتە یەكگرتووەكان بنەمای ئیقلیمی پێویستی نییە بۆ بنیاتنانی هێزی پێویست بۆ چوونە نێو ململانێیەكی سەربازی لەگەڵ ئێران، لە هەمان كاتدا پێشبینی دەكرێت هێزەكانی سوپای ئەمریكا لە عیراق بڵاوەیان پێبكرێت، بەڵام ئەمە پێویستی بە جەنگێكی ترە بۆ گۆڕینی  سیستمی حوكمڕانی و حكومەتی ئێستای عیراق”.