سەردێر

عیراق و هەرێمی كوردستان، كەمترین ڕێژەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا تۆماركرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 849 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 1493 كەسیش چاكبوونەتەوە و 5 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا، ئەمەش بە كەمترین ڕێژەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دادەنرێت.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 35 هەزار و 712 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 849 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و نەینەوا و كەركوك بوون، بەجۆرێك كە تەنیا لە بەغدا 248 و لە نەینەوا 112 و لە كەركوك 108 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون.

وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقیشدا ئاماژەی پیكراوە” لە سلێمانی 51، هەولێر 41، و دهۆك 61 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 1493 تووشبووی پەتاكە كردووە كە زۆربەیان لە بەغدا و هەولێر و سەڵاحەدین و كەركوك بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 5 كەس بەهۆی كۆرۆناوە.