سەردێر

عیراق زۆرترین تاوانی كوشتن تۆماردەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
جەمال ئەسەدی، پشكنەری پێشووی وەزارەتی ناوخۆی و بەڕێوەبەری گشتی مەشق و پێگەیاندن لە وەزارەتەكە، ئامارێكی تایبەت بە تاوانی كوشتن لە عیراق بڵاودەكاتەوە.

بەپێی نوسراوێك كە لەلایەن ئەسەدییەوە لەسەر تۆڕی كۆمەلایەتی (فەیسبوك) بڵاوكرایەوە”تاوانەكان بەشێوەیەكی مەترسیدار لە عیراقدا زیادییان كردووە و پێشبینی دەكرێت لەو ڕووەوە عیراق لە ڕیزبەندی یەكەمی وڵاتانی عەرەبیدا بێت”.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی پێشووی وەزارەتی ناوخۆی عیراق”تاوانی كوشتن لە عیراق، لە زیادبووندایە، ژمارەی ڕووداوەكانی كوشتن لە ساڵی 2015، لە دەوروبەری 4300 حاڵەتدا بوون، لە لە ساڵی 2016دا نزیكەی 4400 تاوانی كوشتن ئەنجامدراوە”.

ئەسەدی دەڵێت”لە ساڵی 2017 ئەو ژمارەیە ڕووی لە زیادبوون كرد و گەیشتە 4600 حاڵەت، لە ساڵی 2018دا هەر لەو دەوروبەرەدا بوو، لە ساڵی 2019شدا 4180 حاڵەتی كوشتن تۆماركرا”.

ئەسەدی نوسیویەتی”لە ساڵی 2020، ژمارەی تاوانەكانی كوشتن بۆ زیاتر لە 4700 حاڵەت بەرزبۆتەوە، بۆیە دەكرێت بڵێین عیراق لە ڕیزبەندی سەرەوەی وڵاتە عەرەبییەكانە بۆ تاوانی كوشتن كە ڕێژەی ساڵانە تێیدا دەگاتە زیاتر لە 11.5 بۆ هەر سەد هەزارێك”.