سەردێر

پێشبینییەكانی نۆستەر ئەدامۆس بۆ ساڵی 2021 مایەی ترسن

خەڵك- بەشی هەواڵ
پێشبینییەكانی نۆستەر ئەدامۆس، ئەستێرەناسی فەرەنسایی بەناوبانگ، بۆتە مایەی سەرقاڵكردنی زۆرێك لە خەڵك، بە تایبەت لەگەڵ كۆتایی ساڵی 2020 كە بۆ جیهان لەسەر زۆربەی ئاستەكان ساڵێكی قورس بوو.

نۆستەر ئەدامۆس لە ژیانی خۆیدا 6338 پێشبینی كردووە، ساڵەكانی گرتۆتەوە تا ساڵی 3797، بەڵام ئەوەی لەبارەی ساڵی داهاتووەوە 2021 باسی كردووە، مایەی خۆشحاڵی زۆرێك نییە وەك ڕۆژنامەی (زە سەن)ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكیدا باسی دەكات لەبارەی پێشبینییەكانی ئەو ناوەوە كە جێگەی مشتومڕ و نیگەرانییە بەهۆی پێشبینییەكانی، كە سەردەم بڕە و هەندێكیان هاتوونەتەدی.

بەپێی یەكێك لە پێشبینییەكانی بۆ ساڵی 2021، نۆستەر ئەدامۆس دەڵێت: روسیا چەكێكی بایۆلۆژی پەرەپێدەدات و ڤایرۆسی وەها بەرهەم دەهێنێت، كە توانای هەیە مرۆڤایەتی بكاتە هاوشێوەی “زۆمبی” ئەو مرۆڤەی لە خەیاڵە زانستییەكاندا هەیە، واتا “نیوەی زیندووە”.

هەربەپێی پێشبینییەكانی نۆستەر ئەدامۆس:”دایكان و باوكان لە خەمێكی بێ‌ كۆتادا دەمرن، پرسە گشتگیر دەبێت”.

لە پێشبینییەكانی تردا، نۆستەر ئەدامۆس باس لەو زیانە گەورانە دەكات، كە لە ساڵی داهاتوودا بەر زەوی دەكەوێت و گەردەلولی گەورە لە خۆرەوە دروست دەبێت.

ئەستێرە ناسە بەناوبانگەكە پێشبینی كردووە،” كلكدارێك بەر زەوی بكەوێت یان زۆر لە هەسارەكەمان نزیك ببێتەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی بوومەلەرزە و كارەساتی سروشتی، لە ئاسمانەوە ئاگر و بڵێسەیەكی زۆر بەدی دەكرێت”.

یەكێك لە پێشبینییە نەرێنییەكانی تری نۆستەر ئەدامۆس بۆ ساڵی 2021، دروستبوونی بوومەلەرزەیەكی گەورەیە لە كالیفۆرنیا كە ئەو بە “زەوییەكانی خۆرئاوا لە جیهانی نوێدا” وەسفی دەكات، ئەمەش بەپێی ڕۆژنامە بەریتانییەكە.

نۆستەر ئەدامۆس هۆشداری داوە لەبارەی ساڵی 2021 كە زیاتر مەترسیدار دەبێت لەم ساڵ و دەڵێت: “لەدوای كێشەیەكی گەورە، جیهان ڕووبەڕووی كێشەیەكی مەترسیدارتر دەبێتەوە. برسێتی و ئاگرباران، كە ئاسمان دەگرێتەوە”.

پێشبینییەكانی نۆستەر ئەدامۆس، كە لە كتێبەكەی (Les Propheties) هاتووە، جەماوەرێكی گەورەیان پەیدا كردووە، ئەمەش دوای دەرچوونی ڕاستی پێشبینییەكانی بۆ وادەی دەستپێكردنی دووەمین جەنگی جیهان و دەركەوتنی ئەدۆڵف هيتلەرى سەركردەی نازی و كەوتنی كۆمۆنیستی و تیرۆركردنی جۆن كینیدی، سەرۆكی ئەمریكا، لە ئاماژەكردن بۆ ئەو كەسێتی و ڕووداوانە.