سەردێر

چیرۆكی ئەو پیاوەی پشیلەكانی كردۆتە هاوڕێی خۆی

بیلال نوری ئەو پیاوەیە، كە ماوەی نزیك بە 20 ساڵە خولیای بەخێوكردن و ئاگاداربوون لەپشیلە و ئاژەڵەكان چۆتە هزرییەوە و ڕۆژانە خزمەتیان دەكات.

سلێمانی – نزار جەزا

ڕۆژانە پیاوێكی بەتەمەنی كڵاو بەسەر لەناو پاركی دایك لەشاری سلێمانی كە چەند پشیلەیەك بەدوایدا نەرمەغاردەكەن دەبینرێن، كە ئەمە بۆتە خولیای ڕۆژانەی، بەكیسەیەك خۆراكەوە خزمەتی پشیلەكان دەكات.             

بیلال نوری ئەو پیاوەیە، كە ماوەی نزیك بە 20 ساڵە خولیای بەخێوكردن و ئاگاداربوون لەپشیلە و ئاژەڵەكان چۆتە هزرییەوە و ڕۆژانە خزمەتیان دەكات.

گفتوگۆكردنی نزار جەزا پەیامنێری خەڵك لەگەڵ بیلال نوری

بیلال لەدایكبوی ساڵی 1967ە، دانیشتووی گەڕەكی مەڵكەندییە لەنزیك پاركی دایك لەشاری سلێمانی، ئەم پیاوە خەڵكی گەڕەك و پشیلەكانیش زۆر بەباشی دەیناسن، بەتایبەت كاتێك پشیلەكان بیلال دەبینن، خێرا بەرەوپیری غاردەدەن، چونكە وای ڕاهێنانون كە بەردەوام خواردنیان پێ بدات.

ئێمە ئەم پیاوەمان لەپاركی دایك بەرچاوكەوت و سەردانی ماڵەكەیمان كرد، كە لە خانوییەكی ئاساییدا ژیان بەڕێدەكات و ئاژەڵەكانی زۆر خۆشدەوێت، بەجۆرێك لەماڵەوەش نزیكی 7 پشیلەی بچوك بەخێودەكات بۆئەوەی لەسەرمای ئەم زستانە و شێلانی ئۆتۆمبێل بیانپارێزێت تائەوكاتەی گەورەدەبن.

لەكۆڵانەكەدا پشیلە نابینرێت، بەڵام هەركاتێك ئەم پیاوە لەماڵ بێتە دەرەوە، پشیلەی كۆڵانەكە دەردەكەون و دوایدەكەون بۆئەوەی خواردنیان پێبدات

بیلال نوری بەپەیامنێری (خەڵك)ی وت:” ئاژەڵەكان زۆر گوناحن، بەزەییم پێیاندا دێتەوە، بۆیە بەردەوام خواردنیان بۆ دەهێنم، یان ئەگەر بەچكەبن و نەتوانن لەدەرەوە بژین، دەیانبەمەوە بۆ ماڵەوە لەوێ بەخێویاندەكەم، تا ئەوكاتەی گەورەدەبن و خۆیان جێمدەهێڵن، نەك پشیلە هەر ئاژەڵێكی تر وەك مرۆڤ مافی ژیانی هەیە، گوناحە ئازاربدرێن”.

گفتوگۆكردنی نزار جەزا پەیامنێری خەڵك لەگەڵ بیلال نوری

ئەوەشی باسکرد:”جارێك پشیلەیەك سەیارە لێیداوە، كە كۆمەڵێك بەچكەی هەبوو، كاتێك ئەوەم زانی زۆر خەمم لەبەچكەكانی خوارد، كە دەبێ چۆن بژین، بۆیە زۆر گەڕام تائەوكاتەی دۆزیمنەوە، بەڵام لەكونەكەیان نەدەهاتنە دەرەوە، بۆیە ڕۆژانە شیرم بۆ دەبردنە بەردەم كونەكەیان تائەوكاتەی گەورەبوون”.

وتیشی:”دەیان نەوەی پشیلەم لە پاركی دایك و ئەم كۆڵانەدا بەخێوكردووە و خواردنم پێداون، بەجۆرێك ڕۆژانە سۆسجیان پێدەدەم یان لەدوكانی مریشكەكان پارچە گۆشتی مریشكم پێدەدەن و بۆیان دەهێنم یان شیریان بۆ دەهێنم، هەموو ئەمانەش بەهاوكاری خوایە و خوا ڕزقی منیش و ئەوانیش دەدات”.

ڕۆژانە لەم پاركەدا پشیلەكان تەنها دوای بیلال دەكەون، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، كە پشیلە مێشكی بۆ ناسینەوەی كەسەكان بەهێزە، بەڵام وەك بیلال دەڵێت:”پشیلەكان یادەوەرییان بەهێزە بەڵام بێوەفان، بۆنمونە من كە خواردنەكەم بەدەستەوەیە و خواردنیان پێدەدەم، ئەو دەستدرێژدەكات و چڕنوكم لێ دەگرێت”.

بیلال پیشەی كاسبە و دوكانێكی چكۆلەی لەگەڕەكی مەڵكەندی هەیە، ئەوكاتەی لەگەڵیدا گفتوگۆمان دەكرد، بەتەلەفۆن هەواڵی مەرگی پشیلەیەكیان پێ ڕاگەیاند، كە وایكرد، تا ئەو كاتەی جێمانهێشت خەم بەدەموچاویەوە ببینرێت، وەك خۆشی دەڵێت:”من كە پشیلەیەك ببینم و خواردنم پێنەبێت بیاندەمێ، بێتاقەت دەبم، ئەی كە بیانبینم یەكێكیان مردووە، ئەوە زۆر خراپتر دەبم”.

هەر مرۆڤێك لەژیانیدا خولیای كارێكی هەیە، بەڵام جیاواز لەهەمووان بیلال نوری حەز بەبەخێوكردن و چاودێریكردنی پشیلەكانی گەڕەك و پاركەكانە و ڕۆژانە خواردن بۆ پارك و گەڕەكەكان دەبات، بۆئەوەی پشیلەكان بیخۆن، بۆئەم كارەش پێویستە پاڵپشتی و هاوكاری بكرێت.