سەردێر

ڕەنگە دەستکردەکان بونەتە شێرپەنجەیەکی لەسەرخۆ بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان

لیژنەیەکی تایبەتمەند نییە، بۆ دیاریکردنی بڕی بەکارهێنانی ئەم ڕەنگانە لە خواردن و خواردنەوەکاندا

خەڵک – نزار جەزا

ڕەنگە دەستکردەکان لەهەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی هەرەمەکی لەدروستکردنی خواردن و خواردنەوەکاندا بەکاردەهینرێن، کە ئەمەش زیانی تەندروستی هەیە و هۆکارێکن بۆ دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکان، لەگەڵ ئەمەشدا تاکو ئێستا لیژنەیەکی تایبەتمەند نییە، بۆ دیاریکردنی بڕی بەکارهێنانی ئەم ڕەنگانە لە خواردن و خواردنەوەکاندا.

 

هەرکات گەڕانێک بەناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بکەیت دەبینیت هەموو شەربەتخانەکان کیسە شەربەتیان بۆ فرۆشتن داناوە، کە هیچ زانیارییەک لەسەر بڕی پێکهاتەکانی نەنوسراوە، یاخود لەچێشتخانەکان و دوکانی شیرینییەکان هەندێک لەو ڕەنگانە بەکاردەهێنرێن بێ ئەوەی زانیاری لەبارەوە بدەنە کڕیارەکان.

  ساڵانە لەجیهاندا ٧ بلیۆن کیلۆ ڕەنگی دەستکرد بەکاردەهێنرێت

ساڵانە لەجیهاندا ٧ بلیۆن کیلۆ ڕەنگی دەستکرد بەکاردەهێنرێت، کە ئەمەش بۆ تەندروستی باش نییە و هەرێمی کوردستانیش پشکی خۆی لەو ڕێژەیە بەردەکەوێت.

 

لەوبارەیەوە د.گەشە عەبدوڵا پزیشکی دەرمانساز بۆ (خەڵک)ی  ڕوونکردەوە، ئەم ڕەنگە دەستکردانە لەلایەن ڕێکخراوی جیهانیی دەرمان و خواردنەوە(FDA) ڕێگەپێدانى بۆ کراوە، بەڵام ئاماژە بەزیانە لاوەکییەکانیشی دراوە و هۆشداری لەبارەیەوە دراوە، بەڵام لەکوردستان ڕەچاوی ئەو هۆشدارییانە نەکرێت.

 

   د.گەشە عەبدوڵا: FDA هۆشداری لەچۆنیەتى بەکارهێنانی ڕەنگەکان داوە، بەڵام لەکوردستان ڕەچاوناکرێن

 

لەبارەى پیکهاتەى ڕەنگەکانەوە ناوبراو باسی لەئەوەکرد، شێوگی کیمیایی ئەم ڕەنگە دروستکراوانە لەپێکهاتەکەیاندا بەنزین هەیە، واتە لەبەرهەمەکانى نەوت دروستدەکرێن، کەواتە لەئەگەری زۆر بەکارهێنانى ئەم رەنگانە، دەبێتە هۆی دروستکردنی خانەى شێرپەنجە، ئەگەریش کەسەکە خانەى شێرپەنجەى هەبێت گەشەی پێدەدات.

ناوبراو لەبارەى کاریگەری ئەم ڕەنگانە بۆ سەر منداڵ باسی لەئەوەکرد، نەخۆشی (ADHD)  لە منداڵدا دروستدەکات، کە وا لەمنداڵەکە دەکات نەتوانێت تەرکیز بکاتە سەر هیچ شتێک و ترسی نییە و جوڵەى ناشایستە و ناشرین دەکات، بەپێی ١٥ توێژینەوەش کە لەڕابردوودا کراون دەرکەوتووە، ئەو جوڵە ناپێویستانەى کە لەمنداڵدا هەیە، بەهۆی ئەو ڕەنگە دەستکردانەوەبوون.

 

نۆ ڕەنگی دەستکردی سەرەکی هەیە، کە هەر یەکێکیان بەپێی تایبەتمەندی خۆی زیانی لاوەکی هە یە، لەبارەى ئەو زیانانەوە ئەو پزیشکە ئاماژەى بەئەوەدا، ڕەنگی سووری ژمارە سێ، ڕەنگی زەردی ڕەقەم شەش و ڕەنگی زەردی ڕەقەم پێنج خراپترین جۆریانن، کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و بوونتە هۆی دروستکردنی شێرپەنجە یان دروستکردنی لوو لەناو غودەکاندا و بەگشتى ئینسان تووشی هەستیاری دەکەن.

   لەهەرێمی کوردستان بەهەرەمەکی ئەو ڕەنگانە بەکاردەهێنرێن

لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا بەنمونە هەرێمی کوردستان هیچ ڕێنماییەک بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەم ڕەنگانە بڵاونەکراوەتەوە و خاوەنکارەکانیش کە لەپێکهاتەى خواردن و خواردنەوەکانیاندا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بەبێ بوونی زانیاری بەکاریدێنن.

 

د.دارار محەمەد جەمیل  پسپۆڕ  لەبواری شیکاری و کوالیتى کۆنتڕۆڵی خۆراک لەگفتوگۆیەکیدا لەگەڵ (خەڵک) ئاماژەى بەئەوەدا، لەپێکهاتەى شەربەتە دەستکردەکاندا بەشێوەیەکی گشتى چەند ڕەگەزێک هەیە، کە پێکهاتوون لە شەکر، ئاو، لیمۆندۆزی، ڕەنگ و تام، کە بەداخەوە زۆرێک لەخەڵک بێئاگان لەزیانەکانی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش کارانین لەناساندنی زیانەکانی ئەم ماددانە.

باسی لەئەوەشکرد، ئەم ڕەنگە دەستکردانە بۆ بابەتی بازرگانى و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک و بەتایبەت منداڵ بەکاردەهێنرێن، چونکە هەر شتێک بێ ڕەنگ بوو یان ڕەنگی ناشرین بوو، خەڵک زۆر حەزی ناچێتە سەر.

   د.دارا محەمەد: ئەم ڕەنگانە دەبنە هۆی دروستکردنی خانی شێرپەنجە، یان گەشپێدانی خانەى شرپەنجە

ناوبراو لەبارەى زیانەکانەوە ئەوەی خستەڕوو، بێگومان زیانی ئەم رەنگانە زۆرن، بۆ نموونە دەبنە هۆی دروستکردنی چالاکی زۆر و ناپێوست لەمنداڵدا یان توندوتیژی، دروستکردنی هەستیار، دروستکردنی خانی شێرپەنجە، یان گەشپێدانی خانەى شرپەنجە.

 

وتیشی: ئەو شەکرە زۆرەى دەکرێتە ناو شەربەتەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی قەلەوی زیاد، هاوکات شەکر خۆراکی سەرەکی نەخۆشییە خراپەکانە بە خانەى شێرپەنجەشەوە، بۆیە شەکر بە ژەهری سپی ناسراوە و یارمەتی دوژمنە نەبینراوەکانە.

 

لەجیهاندا لیژنەیەکی تایبەت هەیە بۆ دیاریکردنی مادە ژەهراوییەکان، کە کاریان دیاریکردنی ژەهرەکانە و ڕێژەی ئاسایی بەکارهێنانی ئەو مادە ژەهراوییانە دیاریدەکەن، کە ئەم ڕەنگانەش دەچنە چوارچێوەی کاری ئەم لیژنەیەوە و ڕێژەى بەکارهێنانیان دیاریدەکەن، بەڵام ئەم لیژنەیە لەکوردستان نییە و وەک ئەو پسپۆڕەش باسی دەکات، پێشنیازی دامەزراندنی ئەم لیژنەیەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران کردووە.

 

لەبارەی چۆنیەتی خۆپارێزی لەم قۆناغەدا ناوبراو ڕوونیکردەوە، تەنها بوونی هۆشیاری تەندروستی لای هاوڵاتییان گرنگە، بەڵام لەڕاستیدا ئەرکی خەڵک نییە، کە خۆی لەم مادانە لابدات، بەڵکو ئەرکی حکومەتە چۆنیەتی بەکارهێنانی دیاریبکات، کە زیانی بۆسەر خەڵک نەبێت، نەک خەڵک بەگۆترە ڕەنگ بەکاربهێنێت.

 

ئەگەر لەناوەندی بڕیاربوومایە نەمدەهێشت یەک قەترە شەربەتی ڕەنگکراوی ناو بازاڕ بفرۆشرێت

د.دارار محەمەد جەمیل  پێداگیری کرد لەوەی، ئەگەر لەناوەندی بڕیاربووایە، یەکسەر بڕیاری دەردەکرد، هەر شەربەتێک لەبازاڕدا هەیە و هیچ زانیارییەکەی لەسەر نییە، نابێت یەک قەترەى لێ بفرۆشرێت، دواتر هەموو ئەو شەربەتانەى کە لەکوردستان هەیە و بەلەیبڵ زانیارییان لەسەرە نمونەى پشکنینیان لێ وەربگیرێت، بۆئەوەی بزانرێت ڕێژەى بەکارهێنانی ئەو ڕەنگانە دروستن و ڕێگەپێدراون.

 

جیاواز لەڕەنگە دەستکردەکان لەبازاڕەکاندا ڕەنگی سروشتی بوونی هەیە، کە دەکرێت بکرێنە خواردن و خواردنەوەکانەوە و لەجێگەى ئەو ڕەنگە دەستکردانە بەکاربهێنرێن، چونکە سروشتین و کاریگەری خراپیان نییە، مەگەر کەسەکە خۆی هەستیار لەگەڵ ئەو بەرهەمە هەبێت کە ڕەنگە سروشتییەکەی لێوە وەرگیراوە.

 

   د.بینایی کامەران: لەماڵەوە عەسارەیەک بکڕن و لەماڵەوە شەربەتى فرێش دروستبکەن

 

بۆ زانیاری زیاتر لەگەل د.بینایی کامەران پسپۆڕی زانستى خۆراک گفتوگۆیەکمان ئەنجامدا، کە تێیدا باسی لەئەوەکرد، هەر شەربەتێک فرێش نەبێت نابێ پێی بوترێت شەربەت، بەڵکو ڕەنگ و تام و هەندێک مادەى دیکەیە و میوە سروشتییەکەى تێدانییە.

ئاماژەى بەئەوەشدا، ئەو شەربەتانەی فرێش نین، بۆ شەکرە و قەڵەوی و شێرپەنجە خراپن، بەتایبەت بۆ منداڵ زۆر خراپترە.

 

داوای لەخێزانەکان کرد، کە عەسارەیەک بکڕن و لەماڵەوە خۆیان شەربەتى فرێش دروستبکەن.

 

هەرێمی کوردستان بۆتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵا بەسەرچوو و خراپبووەکان، کە ڕۆژانە لیژنە تایبەتمەندەکان دەست بەسەر هەندێکیاندا دەگرن، بەڵام هەندێک مادەى دیکە لە بازاڕەکاندا بەکاردەهینرێن، کە زیانی خراپیان هەیە و بەئاسایی بەکاردەهینرێن بێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەیەک هەبێت، بۆئەمەش پێوستە لایەنی بەرپرس پێداچوونەوە بەڕێنماییەکانیدا بکات، بۆئەوەی سەلامەتی هاوڵاتییان بپارێزن.