کاریگەرییە دەروونییەکانی کۆرۆنا، لەخودی کۆرۆنا مەترسیدارترە

خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە کاریگەری خراپی دەروونی لەسەر خەڵک و تووشبووانى کۆرۆنا دروستکردووە

سەردێر

خەڵک – نزار جەزا

گەنجێک کە هەموو نیشانەکانی کۆرۆنای هەبوو و هەناسەدانی کەم ببۆوە، بەپەلە لەنەخۆشخانەی شارەوە بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا گوازرایەوە، بەڵام پاش پشکنینی بەپەلە و گرتنەبەری ڕێکاری پێویستی تەندروستی دەرکەوت، کە بەهۆی کاریگەری کۆرۆنا لەسەر دەروونی، ئەو نیشانانەی لێ دەرکەوتووە و کۆرۆنای نەبووە. ئەمە نمونەیەکە لەدەیان حاڵەتی دیکە، کە کۆرۆنا کاریگەری خراپی دەروونی لەسەر دروستکردوون.

 

ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها کاریگەری جەستەیی دروستنەکردووە، بەڵکو خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە کاریگەری خراپی دەروونی لەسەر خەڵک و تووشبووانى کۆرۆنا دروستکردووە، و بەوتەی پزیشکانی پسپۆڕ،کاریگەری ئەم بارە دەروونییە ناتەندروستە ئەگەر زیاتر نەبێت لەکاریگەری پەتای کۆرۆنا کەمتر نییە.  وەک چارەسەریش، هەندێک کەس بەشێک لەسەرچاوەکانی هەواڵی لەتیڤی و وێبسایتەکان لابردووە، بۆئەوەی بەدووربێ لەو گرفتە دەروونییانەی کە بەهۆی ئەوانەوە بۆیان دروستدەبێت.

 

   گەنجێک: بەهۆی هەواڵە سوورەکانەوە، هەموو کەناڵە کوردییەکانمان لەماڵەوە سڕییەوە

محەمەد جەلال، کە گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵە گومانی لەخۆی هەبووە، کە بەشێک لەنیشانەکانی کۆرۆنای هەبێت، بۆیە خۆی لەخێزانەکەی و کارەکەی دوورەپەرێز کرد، و بەپەلە پشکنینی ئەنجامدا، بەڵام دەرکەوت کە تووشبووی کۆرۆنا نییە.

 

ئەو گەنجە باسی لەئەوەکرد، هەر تاکێکی کۆمەڵگا بدوێنیت لەم کاتەدا نائارامە و لە دۆخێکی دەروونی خراپدایە، تەنانەت ئێستا ناتوانێت بەدیار تەلەفزیۆنەکانەوە دابنیشێت و زۆر کەمتر لەجاران سۆشیاڵ میدیا بەکاردێنێت، چونکە ڕۆژانە لە تیڤیەکانەوە هەواڵی ناخۆش دەبیستێت و لێدوانی دژ بەیەکی بەرپرسان دەبیستێت، هەموو ئەوانە وای کردبوو قسەو باسی نێو خێزانەکەشیان ببێت بە باسی کۆرۆنا و باسکردنی لێدوانی بەرپرسان.

 

ئەوەشی باسکرد، ئەو هەموو هەواڵە بەپەلانە و مانشێتە سورانە وایکردوە ژیانیان لە کەوانەیەکی ترسناکدا بسوڕێتەوە و بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، بۆیە لەگەڵ خێزانەکەی بڕیاریاندا هەموو کەناڵە کوردییەکان لابەرن و تیڤیەکەیان تەنها بۆ بەکارهێنانی فیلم و دراماکان بەکاردەهێنین.

 

وتیشی: من ڕۆژانە لە دەرەوە کار دەکەم و بەر هاوڵاتیەکی زۆر دەکەوم، زۆر هەواڵی ناڕاست باس دەکەن زۆر لە ترس و دڵەڕاوکێدان، بۆیە کە دەگەڕێمەوە ماڵەوە باسی کارکردنی ئەو ڕۆژەیان بۆ ناکەم، نامەوێت ئەوانیش بارگرانییەکی دەروونییان بۆ دروست ببێت، و بڕیارمانداوە باس و خواسی کۆرۆنا لە کۆبوونەوەی خێزانیماندا نەبێت، ئێمە خۆمان دەپارێزین و کردومانە بە کارێکی سروشتی ڕۆژانە.

 

    لە ئێستادا زیاتر فشار دەخرێتە سەر نەخۆشانی کۆرۆنا، کە وایکردووە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە درەنگتر یان ئەستەم بکات

بوونی هەر نەخۆشییەک چ کوشندەبێ چ ئاسایی باری دەروونی مرۆڤ ماندوودەکات و پێویستە ئەو نەخۆشە بەتەواوی باری دەروونی لەلایەن چواردەور و پزیشک و کارمەندی تەندروستیەوە ئارامبکرێتەوە، بەڵام لە ئێستادا بارەکە تەواو پێچەوانەیەو زیاتر فشار دەخرێتە سەر نەخۆشەکان، ئەمەش وادەکات کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە درەنگتر یان ئەستەم بکات.

 

بۆ گفتوگۆی زیاتر لەو بارەیەوە پەیوەندیمان بە تووشبوویەکی کۆرۆناوە کرد، کە ئێستا لەماڵەوە خۆی کەرەنتین کردووە تا ئەوکاتەی ڤایرۆسەکە دەپەڕێنێت.

 

ئەو تووشبووە ناوی نسار جەبارە، کە تەمەنی ٢٧ ساڵە و لەئێستادا باری تەندروستی بەرەو باشی دەچێت، باس لەکاریگەرییە دەروونییەکانی کۆرۆنا دەکات، و دەڵێت: پێش ئەوەی ئەنجامی شیکارییەکەم بێتەوە، وەک هەر پەتایەکی تر لێمدەڕوانی و خۆپارێزیشم دەکرد، بەڵام ئەو ڕۆژەی ئەنجامەکەیان پێوتمەوە، وتیان ناشتوانم لە نەخۆشخانەبم بەهۆی زۆری نەخۆش، دواتر وتیان دەتوانی بێیت لە گوندی سەناریای گەشتیاری کەرەنتینە بکرێیت یاخود خۆت لە ماڵەوە لە ژێر چاودێری خۆتابیت و ئێمه ئاگادارت دەبین، بەڵام بەهیچ جۆرێک نە تەلەفونیان کردەوە نە جوابی تەلەفونیش دەدەنەوە، ئەم جۆرە ئیهمالکردنەش باری دەروونیم بەرەو خراپی چوو زیاتر نەخۆش کەوتم.

 

    “کەرتی تەندروستی و حوکمەت زۆر بەخراپی وەستاونەتەوە بەرامبەر ڕەوشی توشبووان”

 

نسار وتیشی: خێزان و دۆست و هاوڕێ پاڵنەرترین هۆکارن بۆئەوەی هێزو ورە و ئیرادەمان بەهێزبێت و پاڵپشتمان بن، بەڵام کەرتی تەندروستی و حوکمەت زۆر بەخراپی وەستاونەتەوە بەرامبەر ڕەوشی توشبووان و بە بۆڵە بۆڵ و هەڕەشە بەڕێتدەکەن، کە گوایە ئاگاداری تەندروستی خۆمان نەبووین.

 

ترس لەکۆرۆنا وا دەکات بەرگری لەش داببەزێت، ئەمەش وادەکات کۆرۆنا کاریگەری زیاتر لەسەر جەستی مرۆڤ دروستبکات، بۆیە پێوستە ترس لەکۆرۆنا کەمبکرێتەوە، بۆئەوەی لاشە بەسەر نەخۆشییەکەدا زاڵببێت.

 

   کاریگەری ئەم بارە دەروونییە ناتەندروستە ئەگەر زیاتر نەبێت لەکاریگەری پەتای کۆرۆنا کەمتر نییە

شاهۆ محەمەد، ڕاوێژکاری نەخۆشییە دەروونی و هزرییەکان لە شاری پزیشکیی فاروق، لەبارەی کاریگەرییە دەروونیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایدەگەیەنێت، لەکاتی هاتنی پەتای کۆرۆنا حاڵەتێکی ترس و تۆقین و دڵەڕاوکێ پەیدابووە، کاریگەری ئەم بارە دەروونییە ناتەندروستە ئەگەر زیاتر نەبێت لەکاریگەری پەتای کۆرۆنا کەمتر نییە.

 

ئاماژەی بەئەوەشدا، بۆیە پێوستە بەتایبەت منداڵەکان لەتیڤییەکان دووربخرێنەوە و ئەندامانی خێزانیش تەنها هێندە سەیری تیڤی بکەن، کە نوێترین زانیاری وەربگرن، بۆئەوەی کاریگەری دەروونی دروستنەکات لەسەریان.

 

    مامۆستایەکی ئایینی: پێوستە دوعای خێر بکەین، خۆپارێزی بکەین، بڕوامان بەقەزاو قەدەری خودا هەبێت

لەلایەکی دیکەوە مەلا ئەحمەدی قامیشی، مامۆستای ئایینی وتی، “ئەوەی پێوستە موسوڵمانان بیکەن پابەندبوونە بەڕێنماییە تەندروستییەكان، دواتر دوعای خێر بكەن و تەوبە بكەن، چونكە ئەم دوعایانە لەگەڵ قەزاوقەدەردا كێبڕكێ دەكەن و دوعاكە قەدەرەكە دەگێڕێتەوە”.

 

دەشڵێت :”پێویستە موسوڵمانان بڕوایان هەبێت بەوەی ئەجەل و قەزا و قەدەر و ڕزق بەدەست خوایە، خوایەك هەیە كە دروستی كردووین و ڕادەستی كەسی ترمان ناكات، بۆیە پێویست ناكات بترسین و توشی دڵەڕاوكێ بین، ئەوەی پێویستە تەنها خۆپارێزییە، لەدوای ئەوەوە هەموو شتێك بەدەست خوایە و دەبێت پشت بەخودا ببەستین”.

 

وتیشی:” ئەم پەتایە بۆ موسوڵمانان تاقیكردنەوەیە و ئەگەر پێی بمرێت شەهیدە، بۆ بێباوەڕانیش سزایە و خوای گەورە بەدوورمان بخات”.

 

    خەڵک بەجۆرێکی لێ هاتووە بچوکترین نیشانەی هەبێت، بەهۆی لایەنى دەروونییەوە وا هەستدەکات کۆرۆنایەتی

 

هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، لەناو هۆڵەکانی نەخۆشخانە کە تووشبووانی کۆرۆنای تێدا دەمێننەوە زەحمەتە بتوانن لەڕووی دەروونییەوە پزیشکی پسپۆڕیان بۆ دابینبکەن، چونکە حاڵەتەکانی تووشبوون بەکۆرۆنا زۆرن و پزیشکانی پسپۆڕی دەروونیش ڕێژەیان کەمە و نەخۆشی دیکە دەبینن، بەڵام دەکرێت کاری لەسەر بکرێت.

 

لەبارەی ئەو هاوڵاتییانەی لەدەرەوە تووشی دڵەڕاوکێ و ترس بوونەتەوە ناوبراو ئاماژەی بەئەوەشدا،مەرج نییە هەر کەسێک نیشانەیەکی هەبێت، بوترێت کە کۆرۆنای هەیە، چونکە ئێستا خەڵک بەجۆرێکی لێ هاتووە بچوکترین نیشانەی هەبێت، بەهۆی لایەنی دەروونییەوە هەندێک نیشانەی دیکەی بۆ دروست دەبێت و وا هەستدەکات کۆرۆنایەتی بۆیە سەردانی نەخۆشخانەش دەکات.

 

ئەوەشی خستەڕوو، لەم کاتەدا گرنگە میدیاکان لەپاڵ بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدان بەکۆرۆنا، ڕەچاوی باری دەروونی هاوڵاتییانیش بکەن و هۆشیاری دەروونی بڵاوبکەنەوە.

 

وتیشی:”زۆرێک لەهاوڵاتییان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بوون، بەڵام نامانەوێت خەڵک بتۆقێن، بەڵکو دەمانەوێت هۆشیارببنەوە و پێیان بڵێین، ئەگەر تاکپارێزی نەکەن، ئەوا دەکەوینە ناو مەترسییەوە، بەڵام بەبەردەوامیدان بەتاکپارێزی بێگومان حاڵەتەکانی کۆرۆنا کەمدەبنەوە و دۆخەکەش کۆنتڕۆڵ دەکرێت”.

 

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان تەنها کاریگەری جەستەیی لەسەر هاوڵاتییان جێنەهێشت، بەڵکو کاریگەری دەروونی و ئابووریشی جێهێشت، کە ئەمەش کاریگەری خراپی جەستەیی دەبێت و حکومەتی هەرێمیش هیچ بەرنامەیەکی بۆ دۆخی دەروونی هاوڵاتییان نییە و ئامارەکانی بەشێوەیەکی ناتەندروست بڵاودەکاتەوە و بەرپرسانی تەندروستیش لێدوانی دژ بەیەک دەدەن و خەڵک دەتۆقێنن، ئەمەش کاریگەری لەسەر دابەزینی بەرگری لەشی مرۆڤ هەیە، وادەکات نەخۆشەکە درەنگتر چاکدەبێتەوە یان چاکنابێتەوە.