نزیکی ٦ هەزار (سەگ و پشیلە و گوێدرێژی) بێلانە لەسلێمانی هەن و مافیان نەپارێزراوە

ڕۆژانە بەهۆی ئازاردان و بێلانەیی و کوشتنیانەوە ڕێژەی سەگ و پشیلە و گوێدرێژەکان کەمدەکات

سەردێر

خەڵک – نزار جەزا

 

نزیکی شەش هەزار ئاژەڵی وەک سەگ و پشیلە و گوێدرێژی بێلانە لەسلێمانی هەن، کە ڕۆژانە بەهۆی ئازاردان و بێلانەیی و کوشتنیانەوە ڕێژەیان کەمدەکات، بەمەبەستی پاراستنی ئەم ئاژەڵانەش، ئاژەڵدۆستان چەندین هەنگاویان ناوە، کە لەناویاندا پێشنیازە یاسایەک دراوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی بەیاسایی کردنی پاراستنی مافی ئاژەڵان، بەڵام تاکو ئێستا دیارنییە کەی دەخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکانی پەرلەمانەوە.

 

بەپێی ئامرێکی نافەرمیی ڕێکخراوی پاکۆ، لەگەڕەکەکانی سلێمانی ٥ بۆ ٦ هەزار ئاژەڵی بێلانە هەیە، کە لەلایەن حکومەت و هاوڵاتییانەوە خاوەندارێتی ناکرێن، بەڵام چەندێکیان لێ کوژراوە؟ تاکو ئێستا ئامارێکی دروست لەبەردەست نییە.

 

سەروەر قەرەداغی هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، دۆخی ئاژەڵان بەتایبەت سەگ و پشیلە و گوێدرێژی بێلانە زۆر خراپە، و بەردەوام ڕووبەڕووی دەستدرێژی و کوشتن و بریندارکرن دەبنەوە،بۆیە پڕۆژەیەکیان ئامادەکردوو و پێشکەشی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری کرا، بۆئەوەی بەڕێنمایی یان بەیاسای ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، زیاتر لەساڵ و نیوێکە پڕۆژە یاسای پاراستنی مافی ئاژەڵان لە ھەرێمی کوردستان پێشکەشی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کراوە، و  لەلایەن سەرجەم فراکسیۆنەکانەوە پاڵپشتی لە پرۆژەکان کرا، بەڵام بەداخەوە تەنها فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامەی هەستا بەکۆکردنەوەی واژۆ بۆئەوەی پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکات و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکەش واژۆیان کردووە.

 

باسی لەئەوەشکرد، چارەسەری ئاژەڵە بێلانەکان، لەڕێگەی دروستکردنی پەناگە لەپارێزگاکانی هەرێم دەبێت، کە هەموو ئاژەڵە بێلانەکانی تێداکۆبکرێتەوە، چونکە حکومەتى هەرێم تەنها بەرپرسنییە لەمافی مرۆڤ، بەڵکو بەرپرسیشە لەمافی ئاژەڵەکان.

 

گوێدرێژ لەساڵانی زوودا هاوشێوەی ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوە بەکاردەهات یان سەگ بۆ پاسەوانی بەکاردەهات، بەڵام ئێستا کە بەدیلی ئەمانە بۆ مرۆڤ پەیدابووە، مرۆڤەکان بێوەفابوون و دەستیان لەم ئاژەڵانە بەرداون و بەجۆرەها شێوە ئازاریان دەدەن و دەیانکوژن و بەبارێکی قورس بەسەر مرۆڤایەتییەوە دەیانبینن.

 

لەئێستادا ئاژەڵە بێلانەکان لەلاین هەندێک کەسی نابەرپرس ئازاردەدرێن یان دەکوژرێن، لەلایەکی دیکەوە وەک یاریکردن هەندێک کەس شەڕ بەسەگەکانیان دەکەن، کە ئەمەش پێچەوانەى مافەکانی ئاژەڵان و جاڕنامەی مافی ئاژەڵانە.

 

سەروەر قەرەداغی، هیوای خواست ناوچەکانی دیکەش چاو لە قەزای دەربەندیخان بکەن، کە تاکە قەزایە لەهەرێمی کوردستان بەبڕیار کوشتنی سەگ و  و شەڕە ئاژەڵ بەتایبەت سەگی قەدەغەکردووە، کە ئەمە هەنگاوێکی باشە، بەڵام پێویستە  پەناگەیان بۆ دروستبکرێت.

 

لەوبارەیەوە سەرچنار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەو پێشنیازە یاسایەی بەدەستیان گەیشتووە زۆر پێیان باشبوو، بۆیە فراکسیۆنەکەیان بەئەرکی خۆی زانی، واژۆی بۆ کۆبکەنەوە و ئاڕاستەى سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی بکەن، کە نزیکی دوو مانگێکە پێشەکەش بەسەرۆکایەتى پەرلەمان کراوە، بەڵام ئەم دوومانگە بەهۆی کۆرۆنا و هەندێک کۆبوونەوەی گرنگی پەیوەست بەموچە و داهاتەوە ئەم بابەتە دواخراوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، وەک فراکسیۆنەکەیان پێیان باشە پاراستنی ئەم ئاژەڵە بێلانانە بکرێتە یاسا، بۆیە لەپەرلەمان گرنگی پێدەدەن و پاشئەوەی خرایە بەرنامەی کارەوە بەوردی گفتوگۆی لەسەردەکەن.

 

ئاژەڵ هاوشێوەی مرۆڤ مافی ژیانێکی شایستەی هەیە، کە دووربێت لەتوندوتیژی و هەر جۆرە ئازاردانێک، بۆئەمەش ئەرکی هەر هاوڵاتییەکە ئازاریان نەدات، و ئەرکی حکومەتى هەرێمە شوێنێکی شایستەیان بۆ دابینبکات و خزمەتیان بکات و پەرلەمانی کوردستانیش بەیاسا مافەکانیان بۆ ڕێکبخات.

 

دەقێ پڕۆژە پێشنیازەکەی ئاڕاستەى سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە: